مەککە دەبێتە سوپرایزی رەمەزان

26-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح مەککە محەممەد سەڵاح مانگی رەمەزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی رەمەزاندا، مەککەی کچی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی هەڵبژاردەی میسر و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەبێتە سوپرایزی ئەو مانگە پیرۆزە و بەشداری لە درامایەکی تایبەت بە رەمەزان دەکات، بەڵام هێشتا دیار نییە کچەکەی سەڵاح چ رۆڵێکی پێدەدرێت.
 
دەرهێنەری میسری خالد ئەلحەلفاوی ئاشکرای دەکات، کچەکەی محەممەد سەڵاح، کچی ئەستێرەی لیڤەرپوول، بەشداری لە زنجیرەی "کامل ئەلعەدەد ++" دەکات، کە بڕیارە لە وەرزی درامای رەمەزانی 2025 نمایش بکرێت.
 
ئەلحەلفاوی لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیای میسری روونیکردووەتەوە کە مەککە وەک میوانی فەخری لە زنجیرەکەدا دەردەکەوێت.
 
ئەلحەلفاوی رەتیکردەوە وردەکارییەکانی ئەو کارەکتەرە ئاشکرا بکات کە مەککە محەممەد سەڵاح لە رووداوەکانی دراماکەدا رۆڵی دەبینێت.
 
محەمەد سەڵاح بەبەشدارییەکی ڤیدیۆیی تیمی زنجیرەکەی سەرسام کرد، کە بەشداربووانی کارەکە بەگەرمی پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد و ساتێکی تایبەتی بە کارمەندانی تیمەکە بەخشی لە کاتی وێنەگرتنەکەدا.
 
زنجیرەی "کامل ئەلعەدەد ++" لە 15 ئەڵقە پێکهاتووە، هەروەها باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە پەیوەندییان بە کێشەکانی گەنجانەوە هەیە لە تەمەنی هەرزەکاریدا.
 
هەروەها زنجیرەکە رۆشنایی دەخاتە سەر ئاستەنگەکانی پەروەردەکردنی منداڵان لەنێو قەیرانە خێزانییە بەردەوامەکاندا.
 
محەممەد سەڵاح، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی ئەو راستییەی کە ئەم وەرزە باشترین وەرزی خۆیەتی پێشکەشی دەکات و لە ئێستاوە هەمووان بەشایەنی باڵۆن دۆری دەزانن، مەگەر لە کۆتاییدا یانەکەی تووشی دۆخێکی نەخوازراو ببێت و نازناوەکان نەباتەوە، بەتایبەتی چامپیۆنزلیگ.
 
محەممەد سەڵاح، کە بە "باوکی مەککە" ناودەبرێت، بەو ناسراوە کە زۆر پابەندە بە خێزانەکەی و زۆرجار لە بۆنەکاندا مەککە و دایکی مەککە لەگەڵیدا دەردەکەون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە