رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، ئەمشەو یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد یاری دەکات.
یاریی چوونی ئەم قۆناخە لەنێوان هەردوو یانە لە یاریگەی ئانوێتای تایبەت بە ریال سۆسیداد بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە رکابەری لەسەر بردنەوەی یارییەکە دەکەن بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا خۆیان بگەیێننە یاریی کۆتایی.
کیلیان ئێمباپێ، رۆژی سێشەممە نەشتەرگەرییەکی ددانی کردووە و بەو هۆیەوە بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا نەکرد، بۆیە ئەگەری هەیە ئەمشەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبێت و کارلۆ ئەنچێلۆتی پشت بە یاریزانەکانی دیکە ببەستێت، بەتایبەت کە براهیم دیاز، ئێندریک و ئاردا گولەر ئامادەن بۆ یارییکردن.
لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا ڤینیسیۆس جونیۆریش هەستی بە ئازار کردووە و چەند خولەکێک دوورکەوتووەتەوە، بەڵام گەڕاوەتەوە نێو مەشقە بە کۆمەڵەکان و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ دەیڤد ئالابا چەند خولەکێک بەشداری لە یارییەکەدا بکات، وەکو درێژەدان بەو قۆناخەی بۆ گەڕاندنەوەی یاریزانەکە بۆ نێو یاریگەکان دەستپێکراوە، لەکاتێکدا ماوەیەکی درێژ بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دابڕابوو.
ریال سۆسیداد پێنج یارییە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە، بەڵام دوایین سێ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕاندووە و ئەمشەو دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی 1-4 لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت، براوەی یارییەکە لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانە بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات و یارییەکە لە یاریگەی لاکارتوخای تایبەت بە یانەی سێڤییا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ