ڤیدیۆ؛ رۆناڵدینیۆ بە نمایشەکانی هەمووان سەرسام دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی زۆرە وازی لە یارییکردن هێناوە، بەڵام لەسەر نمایشە سەرنجڕاکێشەکانی بەردەوامە و هەر شوێنێک بۆی دەچێت بۆ نمایشە هونەرییەکانی رایدەکێشێت.
 
رۆناڵدینیۆ گاوچۆ دی ئاسێس، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل، یانەکانی بارسێلۆنا و ئەیسی میلان، لە تورکیا بەشداری لە نمایشێکی یاریی کەنار دەریا دەکات و بە جۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی هەمووان سەرسام دەکات.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە لە تورکیا بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا کردوە و لەو بەرنامەیەدا لە یارییەکی کەنار دەریادا دەردەکەوێت، رۆناڵدینیۆ بەشێوەیەکی هونەری جوان بە دەبڵ کیک گۆڵێکی نایاب تۆمار دەکات.
 
ڤیدیۆی ئەو گۆڵەی رۆناڵدینیۆ سەرنجی هەمووان بەلای خۆیدا رادەکێشێت و کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا دروستکردووە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانەی پێشوو توانیوویەتی پارێزگاری لە توانا هونەرییەکانی بکات.
 
رۆناڵدینیۆ یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی بەرازیلە، پێشتر لەگەڵ سامبا نازناوی مۆندیالی 2002ـی بردووەتەوە و لە 2005 خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێناوە.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە ئێستا تەمەنی 43 ساڵە، لە 2015 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێناوە و ناوە ناوە لە بۆنە وەرزشییە جیاوازەکان و لە وڵاتی جیاوازدا بەشداری لە یاریی نمایشکاریدا دەکات.