میدیاکانی جیهان هەڵوێستی رۆناڵدۆ بە ئابڕووبەرانە نێودەبەن

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، سەرنجی میدیا و رۆژنامە بەنێوبانگەکانی جیهانی راکێشا، بەهۆی ئەو رەفتارە نامۆیەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر شەباب ئەنجامیدا.
 
لە گەڕی 21ـی خولی پیشەگەری رۆشنی سعودییەدا، یانەی نەسڕ لە دێربیی ریاز بەرامبەر یانەی شەباب بە ئەنجامی 3-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر پاش ئەوەی هاندەرانی یانەی نەسڕ هاواریانکرد مێسی، مێسی، مێسی، کریستیانۆ لەبەردەمیاندا جوڵەیەکی ناشیرینی ئەنجامدا و هەرایەکی گەورەی نایەوە.
 
ئەو هەڵوێستەی رۆناڵدۆ وایکرد گەورە میدیاکانی جیهان باسی بکەن و رەخنەی لێبگرن.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، کە هەمیشە پشت و پەنای رۆناڵدۆ بووە، ئەمجارە رەخنەی تووند لە کریس دەگرێت و تیشکی خستووەتە سەر رەفتارەکەی و نووسیویەتی "هێرشبەرەکەی نەسڕ بە رەفتارێکی سەیر و نامۆ ئاستی نایابی تیپەکەی تێکدا".
 
مارکا هەروەها نووسیویەتی "هاندەران رۆناڵدۆیان تووڕە کرد، بەهۆی دروشم گووتنەوە بە ناوی لیۆنێل مێسی، ئەمە وایکرد کریستیانۆ کۆنترۆلی خۆی لەدەستبدات و جوڵەیەکی ناشیرین و نائەخلاقی بکات".
 
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش لەو بارەیەوە نووسیویەتی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەو رەفتارە ئابڕووبەرانەی رووبەڕووی زریانەک لە تووڕەیی هاندەران بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دروشمی هاندەرانەوە بۆ رکابەرە تەقلیدییەکەی کە مێسییە".
 
گۆڤاری 4.4.2ـش رایگەیاندووە "کریستیانۆ دوای هەڵوێستێکی نائەخلاقی رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو دروشمانەی لە بەرژەوەندی مێسیدا گووترانەوە".
 
ماڵپەڕی ریلێڤۆ، لەو بارەیەوە نووسیویەتی “کریستیانۆ بە رەفتارێکی قێزەون وەڵامی هاندەرانی دایەوە، دوای ئەوەی ناوی مێسییان ناوە".
 
میدیای سعودی، رایگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە لێکۆلینەوەیەک لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکاتەوە، بەهۆی ئەو رەفتارە نابەجێیەی بەرامبەر هاندەرانی یانەی شەباب ئەنجامی دا.
 
هەروەها باس لەوە دەکەن، یانەی شەباب سکاڵایەک دژی رۆناڵدۆ تۆماردەکات و ڤیدیۆی هەموو ئەو جوڵە ناشیرینانەی کریستیانۆ لە یارییەکانی پێشووتریش ئەنجامیداون پێشکێشی یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە دەکات.