هەڵوێستی دیبرۆین لەبارەی یارییکردنی بۆ تیپەکەی رۆناڵدۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕی سعودی، ماوەیەکی زۆرە چاودێریی کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش هەڵوێستی یاریزانەکە لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکات.
 
رۆژنامەی زە ئاتلێتیکی بەریتانی، لە نوێترین پێشهاتدا لەبارەی داهاتووی ئەستێرە بەلجیکییەکەوە نووسیوویەتی "پلانی دیبرۆین ئەوەیە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی نوێبکاتەوە، لەکاتێکدا لە هاوینی 2025 گرێبەستەکەی تەواو دەبێت."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەری هەیە دیبرۆین لە مانچێستەر سیتی واز لە یارییکردن بهێنێت و هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم ئەستێرەی یانەکە کراوەن.
 
ئاتلێتیک زیاتر دەڵێت "تاوەکو ئێستا گفتوگۆی نێوان کارگێڕیی یانە ئینگلیزییەکە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان دەستیانپێنەکردووە، بەڵام گواردیۆلا لە تواناکانی ئەو یاریزانە رازییە و زەحمەتە دەستبەرداری ببێت."
 
جگە لە نەسڕ، یانەی هیلالی سعودی و چەند یانەیەک لە ئەمریکا دەیانەوێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بکەن، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "مانچێستەر سیتی بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە 100 ملیۆن یۆرۆی داناوە، ئەویش لەو کاتەدا ئەگەر هەردوولا رێککەوتن لەسەر جیابوونەوە بکەن."
 
دیبرۆین یەکێکە لە ئەستێرە کاریگەرەکانی یانەی مانچێستەر سیتی یاریزانەکە وەرزی رابردوو رۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی بینی، بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە.
 
لە ئەگەری شکستهێنانی یانەی نەسڕ لە گواستنەوەی دیبرۆین، کارگێڕیی یانەکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کاسیمێرۆ، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی مانچێستەر یونایتد چڕدەکاتەوە، بەتایبەت کە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، یاریزانە بەرازیلییەکە دەیەوێت بەر لە وازهێنان لە یارییکردن رووبکاتە خولی سعودی.