رووداو دیجیتاڵ
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان لە کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکەی تووڕەیە و سەرچاوەیەکیش هۆکاری تووڕەیی راهێنەری پاریس سانجێرمان لەو یاریزانە ئاشکرا دەکات.
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی لە نوێترین پێشهاتدا لەبارەی داهاتووی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەڵێت "لویس ئێنریکێ لە کیلیان ئێمباپێ تووڕەیە، راهێنەرەکە لەو نیگەرانبووە یاریزانەکە لە ناوەڕاستی وەرزدا رۆیشتنی لە یانەکە رابگەیێنێت، لە چەند رۆژی رابردووشدا بەشێوەیەکی تایبەت لەگەڵ یاریزانەکە کۆبووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لویس ئێنریکێ دەیەوێت هەموو یارییەک گۆڕانکاری بە کیلیان ئێمباپێ بکات، بۆ ئەوەی پێشانی هاندەرانی یانەکەی بدات یاریزانەکە کاریگەریی لەسەر تیپەکە نابێت.
لێکیپ دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ لە مانگی 12ـی ساڵی رابردووە بڕیاری بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمانی داوە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەوەی بە کارگێڕیی یانەکەی گوتووە لە هاویندا لە یانەکە دەڕۆم."
بەپێی سەرچاوەکە کیلیان بۆ ماوەی 5 ساڵ رێککەوتنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کردووە، یاریزانەکە هەموو شتێکی یەکلابووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکەی ماوە.
میدیای فەرەنسا و ئیسپانیا دەڵێن، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان بە نزیکەکانی خۆی گوتووە، ئێمباپێ لە یانەکە دەڕوات و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکات.
ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە کار بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکات، بەپێی هەواڵێکی فۆت مێرکاتۆی فەرەنسی، یانەی شاهانە ئامادەیە 15 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت بداتە یاریزانەکە، ئەگەر لە داهاتوودا خەڵاتی باڵۆن دۆر لەگەڵ یانەکە بباتەوە.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، مووچەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید لەنێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029ـەیە و پاداشتێکی گەورە لەبەرامبەر پەیوەندیکردنی بە یانەی شاهانەوە وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ