مێسی بۆچی گفتوگۆ لەگەڵ پاریس ناکات؟

26-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گفتوگۆکانی نێوان لیۆنێل مێسی و کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان لەسەر داهاتووی یاریزانەکە وەستاون، سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانیش هۆکارەکانی ئاشکرا دەکات.
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دوو هۆکار دەخاتەڕوو کە بوونەتە هۆکاری وەستانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا، یەکەمیان ئەوەیە کە مێسی بەر لەوەی بڕیاری کۆتایی بدات، هەموو پێوەرە داراییەکان و وەرزشییەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، پاشان بڕیاری خۆی دەدات.
 
هۆکاری دووەم ئەوەیە کە مێسی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 36 ساڵ، یاریزانەکە بەتەواوی سەیری نرخی خۆی لەبازاڕی گواستنەوەدا دەکات و نایەوێت دەستبەرداری هیچ بەشێکی مووچەکەی ببێت لەگەڵ یانەکە.
 
جگە لەم دوو هۆکارە، ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی یانەی پاریس سانجێرمان، کرانە دەرەوەیان لە جامی فەرەنسا، دۆڕانیان لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ و ئەگەری کرانە دەرەوەیان لە پاڵەوانێتییەکەدا کاریگەریی زۆری لەسەر داهاتووی یاریزانەکە دەبێت لەگەڵ یانەکە.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە هاوینی 2021 لە یانەی بارسێلۆناوە پەیوەندیی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کردووە، 38 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە ساڵێکدا لە یانەکە وەردەگرێت.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی لە ئەرجەنتین و فەرەنسا رایانگەیاند، خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی بۆچوونەکانیان بگۆڕنەوە، لەبارەی مێسی، بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن " لەم رۆژانەدا باوکی مێسی لە ئەرجەنتینییەوە دەچێتەوە پاریس و پاشان گفتوگۆ لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە دەکەنەوە."
 
مێسی گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت، هەردوو یانەی هیلالی سعودی و ئینتەرمیامی ئەمریکی دەیانەوێت ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە