دێربی لەندەن کۆتایی بە بوونی پۆتەر لە چێڵسی دەهێنێت؟

26-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دێربی لەندەن، تۆتێنهام، چێڵسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نێو گوشار و دۆخێکی شێواو. نادڵنیایی و بێمتمانەیی. سەرنجی زۆری هەمووان لەسەری. قسەکردن لەسەر چارەنووس و تەنانەت دوورخستنەوەی. ئەنجامی خراپ و شکستی بەردەوام، گراهام پۆتەر لەگەڵ یاریزانەکانیدا روو لە دێربی لەندەن دەکات و دیار نییە ئەنجامی یارییەکە، دەبێتە دواخاڵی پەیوەندی پۆتەر لەگەڵ چێڵسی یان نا؟
 
لەوانەیە هیچ راهێنەرێکی ئێستای پرێمەرلیگ، هێندەی پۆتەر لە ژێر گوشار و لە نێو بارودۆخێکی خراپدا نەبێت.. ئەو راهێنەرە کە دەبوو ئەنجامی زۆر لەوە باشتر بەدەست بهێنێت کە لەگەڵ یانەکەیدا بەدەستیهێناوە، دۆخی لەگەڵ هاندەرەکانی چێڵسی گەیشتووەتە ئەوەی کە وەک خۆی دەڵێ، هاندەران هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن و هیواخوازن خۆی و ماڵومنداڵی لە نێو بچن.
 
کاتێک تەماشای خشتەی یارییەکانی رابردووی چێڵسی دەکەی، لەوە دڵنیا دەبیتەوە کە ئەوەی لەو تیپەدا روودەدات ئاسایی نییە.. دوو ماوەی گواستنەوەی پڕاوپڕ لە پارە خەرجکردن و بەهێزکردنی پێکهاتەکە، نەیانتوانیوە لە چواردە یاری رابردوودا، زیاتر لە دوو بردنەوە بە بلووز ببەخشن.
 
ئەوەی خاڵی درەوشاوەیە لەم یارییەدا بۆ پۆتەر و یاریزانەکانی، ئەوەیە کە ئەوان لە هەشت دێربی رابردووی لەندەندا، بەرامبەر تۆتێنهام شکستیان نەهێناوە.. دەکرێ ئەمە ئەو یارییە بێت کە پۆتەر بەهۆیەوە، ریشمەی ئەسپەکەی چێڵسی بەدەستەوە بگرێتەوە و بەو شێوەیە ئاراستەی بکات، کە خۆی دەیەوێت.
 
بەر لە یارییەکە تۆتێنهام لە پلەی چوارەمی پرێمەرلیگە و 11 خاڵی رێک لە پێش چێڵسییەوەیە کە پلەی دەیەمی گرتووە. ئەوەی زۆر پرسیاری لەسەر چێڵسی دروستکردووە، بێتواناییە لە گۆڵ تۆمارکردن، ئەو تیپە لە پێنج یاری رابردووی خۆیدا، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە.
 
گەرچی میدیای بەریتانیا دەڵێن کارگێڕیی چێڵسی پابەندە بەوەی کاتی زیاتر بە پۆتەر بدات لەپێناو راستکردنەوەی رێڕەوی یانەکە، بەڵام دۆڕان بەرامبەر تۆتێنهام لەوانەیە کۆتایی بەهەموو بەڵێن و پابەندییەک لە نێوان کارگێڕی و راهێنەرەکەیدا بهێنێت.
 
پێدەچێ تۆتێنهام، لەم یارییەشدا لە راوەستانی ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەر لەسەر هێڵی یاریگە بێبەش ببێت.. گەرچی کریستیان ستینیلی یاریدەدەری راهێنەر گوتوویەتی گەڕانەوەی ئەو راهێنەرە بۆ سەر کارەکەی نزیکە، بەڵام دێربی لەندەن، رۆژی گەڕانەوەی کۆنتی نابێت.
 
ئەگەرچی تۆتێنهام ئێستا پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی بەدەستەوەیە، بەڵام نیوکاسڵ هەڕەشەیەکی راستەقینە دەبێت لەسەر پێگەکەی و ناسەقامگیری ئەنجامی یارییەکانی رابردووی تۆتێنهام وایکردووە، یارییەکە وێستگەیەک بێت پڕ لە دوودڵی و ترس بۆ هاندەرانی سپێرز.
 
تۆتێنهام و چێڵسی، پێویستیان بەبردنەوە هەیە.. تۆتێنهام و چێڵسی پێویستیان بەخۆڕاستکردنەوە هەیە.. ئەنجام هەرچییەک بێت کۆنتی لە مەشقدانی تیپەکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە لەوەی، ئەگەر چێڵسی بدۆڕێت، هەواڵی دوورخستنەوەی پۆتەر، رۆژی دواتر، مانشێتی هەموو رۆژنامەکان نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە