ئەو نازناوەی تێن هاگ نایەوێ ئاهەنگی بۆ بگێڕێت

26-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کاراباو کەپ، مانچێستەر یونایتد، نیوکاسڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش بڕینی بارسێلۆنا لە یۆرۆپالیگ، مانچێستەر یونایتد رۆژێکی دیکە لە یانزە رۆژە گرنگ و چارەنووسسازەکەی خۆی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامدەدات.. دەیەوێت سەرکەوتن لە بەرەیەکی ئەوروپییەوە بۆ بەرەیەکی نێوخۆ بگوازێتەوە.. لە وێمبڵی، نۆبەرەی یەکەم نازناوەکانی لەگەڵ تێن هاگدا ببینێت.
 
یاری کۆتایی کاراباو کەپ، یان ئی ئێف ئێڵ کەپ، لەسەر یاریگەی وێمبڵی، هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ کۆدەکاتەوە.. دوو یانە کە زۆر تینوی نازناوێکن، دوو یانە کە لە نێو وەرزێکی نموونەییدا دەژین.. دوو یانە کە دەیانەوێت زەنگی گەڕانەوەیان لە رێگەی بەدەستهێنانی جامەکەوە، بەگوێی هەموواندا بدەن.
 
مانچێستەر یونایتد دەیەوێت شەش ساڵ لە وشکە وەرزی بەرامبەر نازناوەکان و لێوانلێو لە دوودڵی و بێمتمانەیی کۆتایی پێبهێنێت.. لە کاتێکدا نیوکاسڵ لە ساڵی 1969ەوە هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێناوە و ئیدی هاوی راهێنەر، خەونێکی گەورەی لە مێشک و دەروونی یاریزانەکانیدا بۆ چوونەوە سەر سەکۆی نازناوەکان دروستکردووە.
 
هەڵسانەوە و سەرپێکەوتنەوەی مانچێستەر یونایتد لەگەڵ ئێریک تێن هاگی راهێنەر، وایکردووە هەمووان پەسنی تواناکانی ئەو راهێنەرە بدەن کە لە بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆدا گرەوی کۆنترۆڵکردنی ژووری جلگۆڕینی بردەوە و ئێستا دەیەوێت یەکەم نازناو لەگەڵ یانەکەیدا بباتەوە.
 
بۆ تێن هاگی راهێنەر، فەلسەفەی یارییەکە روونە، ئەو گوتویەتی کە کاردەکات بۆ ئەوەی نازناوێک بە هاندەرەکانی ببەخشێت کە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی دەکەن، بەڵام ئەگەر ئەو نازناوەشی بەدەستهێنا، نایەوێت لە پاسێکی سەرکراوەدا، بەنێو شاری مانچێستەردا بگەڕێت و ئاهەنگ بگێڕێت.
 
بۆ نیوکاسڵ، نازناوی جامەکە، سەراوژێرکردنی دێڕە نووسراوەکانی مێژوون، ئەو یانەیە کە ساڵانی رابردوو وێستگەی پەڕینەوەی هەمووان بوو بۆ نازناوەکان، ئێستا خۆی ئەوانیدیکە دەکاتە وێستگە و دەیەوێت بگاتە نازناوەکان.
 
نیوکاسڵ لە دوای بوونیەوە بە موڵکی وەبەرهێنە سعوودییەکان، خێراترین راپەڕینی دژ بە مێژووی تاریکی چەند ساڵەی رابردووی خۆی کردووە و ئێستا تەنیا یەک یاری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دوای 54 ساڵ یەکەم نازناو بەدەست بهێنێت.
 
ئێدی هاوی راهێنەر، بە کەمترین تێچوو، تیپێکی رۆحبەرزی، رکابەری دروستکردووە، ئەو جیا لە نووسینەوەی مێژوو بۆ نیوکاسڵ، دەیەوێت مێژوویەک بۆ دایکیشی بنووسێتەوە، چونکە وەکخۆی دەڵێ، یەکەمجار لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەیاوەریی دایکی سەردانی وێمبڵی کردووە، ئێستا نایاب دەبێت، ئەگەر لەوێوە یەکەم نازناو پێشکێشی رۆحی ئەو بکات کە لە 2012 کۆچی دواییکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە