چاڤی باسی دۆڕانی بەرامبەر مان یونایتد و بردنەوەی لالیگا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکەی بەرامبەر ئەلمێریا باس لە دۆڕانی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دەکات و دەڵێت " ئەگەر لالیگا ببەینەوە، ئەوا وەرزێکی نایابمان دەبێت."
 
راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " زۆر کەمم لەبارەی دۆڕانەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتدەوە خوێندووەتەوە، ئەمە هیچ ناگۆڕێت، ئێمە سەرنجمان لەسەر کارکردنە و پێموایە یارییەکی باشمان ئەنجامدا و دەمانتوانی یارییەکە ببەینەوە."
 
راهێنەری بارسا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " "گەورەترین نائومێدی لەم وەرزەدا ئەوە بوو کە لە چامپیۆنزلیگ دەرکراین، من ئەوە بە هەموو دڵسۆزییەکەوە دەڵێم. پاشان بێگومان ئەم شکستەی کۆتاییش بەرامبەر مانچێستەر یونایتد ئازاری هەیە. چونکە هەمیشە لەدەستدانی نازناوەکان ئازارت دەدات، زیاتر لەوەش کاتێک یانەیەکی گەورەبیت، لەگەڵ پابەندبوون بە بردنەوە، بەڵام ئێمە خول و جامی شامان لەبەردەم ماوە. ئەوان زۆر گرنگن بۆ ئێمە. بۆ ئەوەی وەرزەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنین. پێشتر جامی سوپەری ئیسپانیمان بردەوە و ئێستاش ئێمە... شەری نازناوی لالیگا و جامی شای ئیسپانیا دەکەین، ئەوە پەیامەکەی ناوەوەیە و هەمان پەیامە کە بە جیهانی دەرەوە دەڵێین، ئێمە ئامانجمان بەردەوامبوونە لەسەر بردنەوەی نازناوەکان و دەمانەوێت لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوامبین."
 
لەبارەی بردنەوەی نازناوی لالیگای ئەم وەرزە، بەتایبەت کە ئێستا زۆر لە ریال مەدریدی رکابەرییانەوە دوورن، چاڤی هێرناندێز بە رۆژنامەڤانانی گوت " لە راستیدا پێموایە ئەگەر نازناوی لالیگا ببەینەوە، ئەوا وەرزێکی زۆرباشمان دەبێت، بردنەوەی لالیگا بۆ یانەیەکی وەک بارسێلۆنا هەمیشە مانای ئەوەی هەیە کە وەرزەکە زۆرباش بووە، ئەوە بەندە بە ئێمەوە، ئێمە لە دۆخێکی باشداین لە لالیگا، هەمان شت بۆ جامی شای ئیسپانیاش راستە، ئێمە رکابەرییەکی زۆرمان هەیە لەگەڵ ریال مەدرید، بەڵام بەپەرۆشین بۆ بردنەوەی نازناوەکان، بۆ ئێمە وەرزێکی نایاب دەبێت."
 
ئەمشەو کاژێر 20:30 لە رکابەرییەکانی گەڕی 23ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئەلمێریا یارییدەکات، بەبردنەوەی یارییەکە یانە کەتەلۆنییەکە جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی دووەم بۆ 10 خاڵ بەرزدەکاتەوە.