جامی سعودیە بۆ ئەسپسواری.. محەممەد بن سەلمان سەرپەرشتی گرانترین پاڵەوانێتی کرد


رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە، خەڵاتی جامی سعودیەی بۆ سوارچاکی بەخشییە هیرۆ ریسی ژاپۆنی. 
 
رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی جامی سعودیە 2023 لە گۆڕەپانی شا عەبدولعەزیز لە چوارچێوەی چآلاکییەکانی فێستیڤاڵی جەنادریە لە نزیک شاری ریاز بە ئامادەبوونی کەسایەتییە وەرزشییەکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.
 
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە خەڵاتەکانی پێشکێشی براوەی پێشبڕکێیەکان کرد، هەر خۆیشی سەرپەرشتی پاڵەوانێتییەکەی دەکرد کە کۆی گشتی خەڵاتەکانی 35 ملیۆن دۆلار دەبوو، بەسەر 16 گێمدا دابەشکرابوون واتا 16 پێشبڕكێی جیاواز، 243 ئەسپ بەشدارییان تێداکردبوو کە لە 15 وڵاتەوە هاتبوون.
 
وەرزشی ئەسپسواری لە سعودیە بەرەوپێشڤەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا لەو وڵاتە گەنجان بە کوڕ و کچەوە خەریکی وەرزشی ئەسپسواری و سوارچاکین، رۆشنبیرییەکی زیاتر سەبارەت بە وەرزشەکە هەیە و پاڵەوانێتیی زیاتر بەڕێوەدەچن، سعودیە دەیەوێ باڵادەستیی هەبێت بەسەر وەرزشی ئەسپسواریدا لە ناوچەکە، تاوەکو لەم رێگەیەوە کەرتی گەشتیاری و وەرزشی زیاتر ببووژێنێتەوە.
 
جێنشینی سعودیە ئارەزووی لە وەرزشی سوارچاکی هەیە، بۆیە بڕیاریداوە خۆی سەرپەرشتی پاڵەوانێتییەکان بکات و هەر خۆیشی خەڵاتی پلەی یەکەمی بەخشییە سوارچاکی ژاپۆنی هیرۆ ریس، کە بووە براوەی گەورەترین رکابەرییەکانی رۆژی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
پاڵەوانێتیی ئەسپسواری زیاتر لە 5 دەیەیەیە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت، یانەیەکی وەرزشی بە ناوی یانەی پێشبڕکێیەکانی ئەسپ لە ساڵی 1965 دامەزراوە، رکابەرییەکان بە درێژایی 2000 مەتر بەڕێوەدەبات. 
 
رکابەرییەکانی جامی سعودیە لە ساڵی 2020 دەستیانپێکرد و یانەی پێشبڕكێیەکانی ئەسپ رێکیدەخات، دوو رۆژ بەردەوامدەبن و لە زۆرینەی وڵاتانەی جیهانەوە وەرزشڤانان بەشداری تێدادەکەن. 
 
ئەمە گرانترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی جیهان کە کۆی گشتی خەڵاتەکان 35 ملیۆن دۆلارە و براوەی یەکەمی پێشبڕکێیەکانیش 20 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.