ڤیدیۆ؛ نادال هەنگاوێکی دیکە لە نازناوی 91ـەمینی نزیکبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رافایێل نادالی ئیسپانی خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی ئاکاپولکۆی مەکسیک، دوای ئەوەی لە دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی بردەوە.
 
لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو تێنسزانەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە و تێنسزانەکەی مایۆرکا بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
رافا لە یارییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و هەردوو کۆمەڵەکەی بە شەش سێ و شەش سێ بردەوە.
 
مێدڤێدێڤ سەرەڕای ئەوەی یارییەکەی دۆڕاند و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد، رۆژی دووشەممە پێش نۆڤاک جۆکۆڤیچ دەکەوێت و دەچێتە پلەی یەکەمی باشترین تێنسزانەکانی جیهان.
 
نادال بەبردنەوەی ئەم یارییە درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی و لە 2022ـدا تاوەکو ئێستا 14 یارییە لەسەریەک دەیباتەوە.
 
رافایێل نادال لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر کامیرۆن نۆری، یاریزانی بەریتانی یارییدەکات و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی 91ـەمینی کاروانی یارییکردنی و چوارەیەم نازناوی ئاکاپولکۆ دەکات.
 
دوای یارییەکە رافایێل نادال گوتی " ئاستی ئێستای تێنس زۆر بەرزبووەتەوە، ساڵی رابردوو هەستم بە ئارامی کرد و ئێستاش بەردەوامم، ئەم هەفتەیە گەیشتمە یاریی کۆتایی و چەند یارییەکی جوانم بردەوە، ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و زۆر دڵخۆشم بە گەیشتن بە یاریی کۆتایی ئاکاپولکۆ.