پەیامی گواردیۆلا لەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و زینچینکۆ

26-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆلیکساندەر زینچینکۆ، یاریزانی ئۆکراینی و یانەکەی دووپاتکردەوە و دەڵێت " جێگەی شەرمەزارییە کە چەندین شەڕ لە جیهاندا هەن."

گواردیۆلا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر ئێڤێرتۆن گوتی " جێگای شەرمەزارییە کە چەندین شەڕ لە جیهاندا هەن و دەبنە هۆکاری ئەوەی خەڵک بمرن، لەکاتێکدا دەیانەوێت لە ئارامیدا بژین، بەڵام باجەکەی دەدەن."
 
پێپ زیاتر دەڵێت " ئێمە لە رابردووە فێرنەبووین، ئێستا لە سوریا و چەند شوێنێکی دیکە شەڕ هەیە، بەڵام هەمیشە لایەنی بەهێز، لاوازترین لایەن دەکوژێت."
 
راهێنەری مانچێستەر سیتی، لەلایەن رۆژنامەڤانێکەوە پرسیاری لێکرا، هەڵوێستت چییە لەسەر بەشداریکردنی زینچینکۆ لە خۆپێشاندانەکاندا؟ گواردیۆلا بەو رۆژنامەڤانەی گوت " ئەگەر ئەمە لە بەریتانیا رووبدا ئێوە هەڵوێستتان چی دەبێت و چی دەکەن؟، ئێستا زینچینکۆش ئەم هەستەی هەیە."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە هێشتا قسەیکرد و گوتی "زینچینکۆ لە دوو دڵیدایە، بەڵام کەسێکی بەهێزە، یانە و تیپەکە نزیکن لێیەوە، بەدڵنیاییەوە پاڵپشتیی دەکەین کە بارودۆخەکە ئەوەندە ئاسان نییە، لە راهێنانەکانی ئەمڕۆ و دوێنێدا باشبوو، ئامادەدەبێت و ئەگەر پێویست بکات یارییدەکات."
 
ئۆلیکساندەر زینچینکۆ، یاریزانی ئۆکراینی و یانەی مانچێستەر سێتی لەگەڵ هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی وێنەیەکی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیای بڵاوکردەوە و نووسیبووی " هیوادارم بەناشرینترین شێوە بمریت."، دوای ئەوەش ئینستاگرام پۆستی ئەو یاریزانەی سڕییەوە، بەڵام بەخێرایەکی زۆر لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی دروستکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە