بارودۆخی مانچێسته‌ر سیتی له‌ ریال مه‌درید باشتره‌

 

ئیحسان تاهیر

درۆ نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین یاری ئه‌مشه‌وی نێوان ریال مه‌درید و مانچێسته‌ر سیتی له‌ قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگدا گه‌وره‌ترین یاری ئه‌مساڵی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌یه‌، چونكه‌ یاری نێوان پاشای ئه‌وروپا و یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرێمه‌رلیگه‌، كه‌ ئێستا به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین یانه‌كانی كیشوه‌ره‌ پیره‌كه‌ داده‌نرێت.

یارییه‌كه‌ له‌نێوان دوو تیپی پڕ له‌ ئه‌ستێره‌دایه‌، دوو راهێنه‌ر كه‌ یه‌كێكیان 3 چامپیۆنزلیگی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بردووه‌ته‌وه‌ و یه‌كێكیش ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ ناوی پێپ گواردیۆلایه‌.

ئه‌مه‌ی باسمان كرد له‌ رووی گرنگی و بایه‌خی ئه‌م یارییه‌وه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له‌ لایه‌نی هونه‌ری یارییه‌كه‌ بكه‌ین، ده‌توانێن بڵێین بارودۆخ زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ی پرێمه‌رلیگدایه‌، به‌ڵكو هه‌ر كاتی یارییه‌كه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئینگلیزه‌كاندایه‌، به‌و پێیه‌ی مه‌دریدییه‌كان دوای سێ رۆژ یاری كلاسیكۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه‌ له‌وانه‌یه‌ یارییه‌كی تا رادده‌یه‌ك یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت بۆ نازناوی لالیگا، كه‌ ده‌مێكه‌ ریال مه‌درید تێنیویه‌تی.

ریال مه‌درید ئێستا به‌ بارودۆخێكی خراپدا گوزه‌رده‌كات، كه‌ پێشه‌نگی لالیگای بۆ بارسێلۆنا جێهێشت و له‌ دوایین دوو یاری خولی ناوخۆدا 5 خاڵی له‌ده‌ستداوه‌، ئیدین هازاردیش كه‌ هه‌موو مه‌درید به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دڵخۆش بوو جارێكی دیكه‌ تووشی پێكان بووه‌وه‌، یانه‌كه‌ی زیدان له‌م وه‌رزه‌دا چیدی ناتوانێت سوودی لێوه‌ربگرێت، كه‌ بێگومان له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر ده‌روونی هاوڕێكانییه‌وه‌ جێده‌هێڵێت. 

ئه‌وه‌ی زیاتر ترسی لای هه‌وادارانی ریال مه‌درید دروستكردووه‌، نه‌زۆكی هێڵی هێرشبردنی ئه‌و یانه‌یه‌، كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر خراپدایه‌ و كه‌س نییه‌ گۆڵیان بۆ بكات، ته‌نانه‌ت له‌و یارییانه‌شدا كه‌ ریال مه‌درید زۆر هه‌لی گۆڵكردنیش دروست ده‌كات ناتوانێت تۆڕی تیپی به‌رامبه‌ر بهه‌ژێنێت، كه‌ هه‌ر به‌و هۆكاره‌شه‌وه‌ له‌م وه‌رزه‌دا چه‌ندین خاڵی گرنگی له‌ده‌ستداوه‌.

لێره‌دا جارێكی دیكه‌ هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌مان بیردێته‌وه‌، كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی له‌ده‌ستدا و بۆ ته‌نیا چه‌ند ملیۆن یۆرۆیه‌ك ده‌ستبه‌رداری ئه‌فسانه‌ی مێژوویی خۆی بوو، ئاخر له‌و یارییانه‌شدا كه‌ ریال مه‌درید زۆر خراپ یاری ده‌كرد رۆناڵدۆ له‌ هیچه‌وه‌ گۆڵێك یان دوو یان سێیانیشی تۆمار ده‌كرد و سه‌ركه‌وتنی به‌ مه‌درید ده‌به‌خشی، به‌ڵام ئێستا رێك به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ی ریال مه‌درید باشیش یاری ده‌كات كه‌س نییه‌ گۆڵی بۆ بكات.

له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئومێد به‌ یانه‌ی شاهانه‌ بدات، مێژوو و قورسایی ئه‌و یانه‌یه‌یه‌ له‌ چامپیۆنزلیگدم، كه‌ به‌ شای چامپیۆنزلیگ ناسراوه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ر له‌ له‌ خولی ناوخۆدا خراپیش یاری بكات له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا تیپێكی جیاواز و ترسێنه‌ره‌.

ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نادات كه‌ مانچێسته‌ر سیتی تیپێكی بێ كه‌م و كوڕییه‌، ئه‌و تیپه‌ كه‌ ساڵی رابردوو پاڵه‌وانی پرێمه‌رلیگ بوو، ئه‌مساڵ 22 خاڵ له‌دوای لیڤه‌رپوولی پێشه‌نگه‌، خاڵی بێهێز و هه‌ره‌ لاوازی تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا هێڵی به‌رگریه‌كه‌یه‌تی، ئه‌گه‌رچی له‌ دوایین دوو یارییدا تا رادده‌یه‌ك ئاستی به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه‌ته‌وه‌.

هه‌رچۆنێك بێت، ناونیشانی سه‌ره‌كی ئه‌م یارییه‌ "جه‌نگی ناوه‌ڕاست" ده‌بێت، كه‌ هه‌ردوو تیپ پڕن له‌ باشترین ناوه‌ڕاستكارانی جیهان، له‌ مه‌درید كاسێمیرۆ، كرووس، ئیسكۆ، مۆدریچ و ڤالڤێردین، له‌ مانچێسته‌ریش دی برۆین و بێرناندۆ سێلڤا و فێرناندینیۆ و داڤید سێلڤان.

ریال مه‌درید له‌ بارودۆخێكدا ئه‌م یارییه‌ی ئه‌نجام ده‌دات كه‌ یاریزانه‌كانی متمانه‌یه‌كی زۆریان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌وانه‌یه‌ بیر له‌ شكستی ساڵی رابردوویان له‌م پاڵه‌وانێتییه‌دا بكه‌نه‌وه‌، مه‌گه‌ر زیدان زۆر كار له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونیی و هزرییانه‌وه‌ بكات، به‌ڵام یاریزانانی مانچێسته‌ر سیتی پاڵنه‌ری باشتریان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بكه‌ن له‌پێناو راماڵینی به‌ربه‌ستی ریال مه‌درید له‌پێش خه‌ونی گه‌وره‌یان، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ نه‌یبه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌رگیز خه‌ونی پێوه‌ نه‌بیننه‌وه‌، چونكه‌ سزادراون و دوو ساڵی دیكه‌ به‌شداری له‌ چامپیۆنزلیگدا ناكه‌ن.