رووداو دیجیتاڵ
تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنا 5 گۆڵی لە ریال مەدرید کرد و بەبردنەوەی یاریی کلاسیکۆ، بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا.
لە یاریی کۆتایی جامەکەدا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکبوونەوە و هاوشێوەی یارییەکانی رابردوویان، بارسێلۆنا ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و یارییەکەی بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بووە پاڵەوان.
لە خولەکی 31 کارۆلین گراهام گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد، دوای 6 خولەک لەو گۆڵە ئێوا پایۆر گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، پایۆر گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی بلاوگرانا کۆتاییهات.
لە خولەکی 62 پاتریسیا گویارۆ بۆ جاری چوارەم تۆڕی گۆڵی یانەی ریال مەدریدی هەژاند و بارسای زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە پێنج خولەک، ئالێکسیا پوتێیاس گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد، خانمانی بارسێلۆنا یارییەکەیان بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بوونە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا.
ئەمە جاری پێنجەمە یانە کەتەلۆنییەکە نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستدەهێنێت و خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
خانمانی یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال مەدرید 16 یارییانکردووە، هەر 16 یاریی بردووەتەوە 58 گۆڵی بەرامبەر ئەو یانەیە تۆمارکردووە و تەنیا 6 گۆڵی لێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ