ڤیدیۆ؛ راهێنەری ئوردن لە رێگەی رووداوەوە هۆشداری دەداتە عێراق

26-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
حەسەن عەموتە
حەسەن عەموتە
نیشانەکردن حەسەن عەموتە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەسەن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئوردن بە رووداوی گوت "هەموو هەڵبژاردەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا بەهێزن، بەڵام لە یاریگەدا ئەنجامەکە یەکلادەکرێتەوە."
 
دوای دۆڕانیان لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین، حەسەن عەموتە، راهێنەری مەغریبی و هەڵبژاردەی ئوردن قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی بە بەشێکی یاریزانە یەدەگەکانەوە یارییکرد؟ گوتی "ئەوە شتێکی ئاساییە، بڕیارەکە پەیوەندیی بە رێکاری تایبەت بە دۆخی یاریزانانەوە هەبوو، ئێمە چوار یاریزانی سەرەکیمان یاریی پێنەکرد، یەکێکیان پێکانی هەبوو و دوانیشیان کارتی زەردیان هەبوو، زەحمەتبوو سەرکێشی بە یاریزانەکانەوە بکەین بۆ ئەوەی لە قۆناخی دووەمدا لەگەڵماندا بن، بۆیە ئەوە شتێکی ئاسایی بوو."
 
راهێنەری ئوردن لەوبارەیەوە و زیاتر دەڵێت "ئەوە پێدانی هەلێک بوو بۆ یاریزانانی ئاستی دووەم و یاریزانە یەدەگەکان، بۆ ئەوانەی ناویان لە لیستی هەڵبژاردەکەدا هەیە، بەداخەوە ئاستێکی زۆرباشمان نەبوو، هاوشێوەی یاریی یەکەم و دووەم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە قۆناخی داهاتووین و هەوڵدەدەین بەباشترین ئاستی خۆمانەوە دەربکەوین."
 
رووداو پرسیاری لە راهێنەری ئوردن کرد کە رای لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق و قۆناخی 16 بەشێوەیەکی گشتی چییە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "هەموو هەڵبژاردەکان بەهێزن، هەڵبژاردەکان هەمووان بەهێزن، کە لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕوویان دەبینەوە، گرنگترین شت ئەوەیە ئەنجامەکە لە نێو یاریگەدا یەکلادەبێتەوە و بەپێی ئەو توانایە دەبێت کە لە یاریگەدا پێشانیدەدەیت."
 
هەڵبژاردەی ئوردن لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، لە کۆمەڵەی پێنجەم بوو، بە بردنەوەیەک، یەکسانبوونێک و دۆڕانێک 4 خاڵی کۆکردەوە و وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان گەیشتە قۆناخی 16، رۆژی دووشەممەی داهاتوو کاژێر 14:30 بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە