سیانەی پاریس سانجێرمان یانەکە ناچاردەکەن بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەک بکاتەوە

26-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێمباپێ نەیمار مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ماوەیەکی زۆرە چاوی لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگە، ناڕوونی ئەستێرەکانیشی ئەو یانەیە ناچاردەکات سوورتربێت لەسەر گواستنەوەی.

رۆژنامەی تێلیگیرافی بەریتانی دەڵێت " یانەی پاریس سانجێرمان زیاتر لە جاران گرنگی بە تواناکانی مارکۆس راشفۆرد، هێرشبەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەدات، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەکانی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆبکات و پەیوەندی بە خولی فەرەنسییەوە بکات."
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گرێبەستی راشفۆرد لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
داهاتووی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە دیارنییە، هێشتا لیۆ بڕیاری نەداوە کە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە یان نا، بەهەمان شێوە داهاتووی کیلیان ئێمباپێش لەگەڵ یانەکە دیارنییە سەرەڕای ئەوەی کە گرێبەستەکەشی نوێکراوەتەوە، بەڵام هێشتا چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی ناوی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەهێنن، گرێبەستی نەیمار داسیلڤاش لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، دیارنییە یاریزانەکە دەمێنێتەوە یان نا، بۆیەش پاریس سانجێرمان کار لەسەر داهاتووی تیپەکەی دەکات و دەیەوێت هێڵی پێشەوەی لە دەست یاریزانێکی یەکلاکەرەوە و گرنگدابێت، کە کارگێڕیی یانەکە مارکۆس راشفۆرد بەباشترین بژاردە دەبینێت.
 
پێشتریش پاریس سانجێرمان چەندجارێک هەوڵی گواستنەوەی ئەستێرە ئینگلیزییەکەی داوە، بەڵام یانەکە لە گواستنەوەیدا سەرکەوتوو نەبووە، یانەی مانچێستەر یونایتدیش ئەنجامەکانی زۆرباشن و ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، بۆیە ئێستاش زەحمەتە تێن هاگ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە