لێدوانی ئەنچیلۆتی و سیمیۆنی لەبارەی دێربیی مەدریدەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو کاژێر 23 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی دێربیی مەدرید و لە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیادا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ میوانداری هاوشارەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان لەبارەی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە کردووە، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
ئەم یارییە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هێزی بەرامبەر، بردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید قورسە، ئەوان تیپێکی زۆر بەهێزن، ئەمە یاریی دێربییە، بۆیە یارییەکی ئاسایی نییە، یارییەکی تایبەتە وەک هەموو دێربییەکان، پێموایە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت، چونکە ئاتلێتیکۆ باشتر بووە، لە دوایین یاریدا یارییەکی باشیان کرد، بۆیە پێموایە یارییەکی جێژبەخش دەبێت.
 
سەبارەت بە ڤینیسیۆس، ئەو یاریزانێکە پێویستیمان پێیەتی و تۆپی پێش پێویستی پێیەتی، بەهۆی بەهرە نائاساییەکەیەوە، دەبێت بە دوو شێوە بیپارێزین، لە رووی جەستەیی و دەروونیشەوە، زۆر بەپەرۆشە، هەروەها گلەیی ناکات، بەدڵنیاییەوە ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات. 
 
پێویست ناکات روونیبکەمەوە کە بۆچی کرووس و مۆدریچ زۆر یاری ناکەن، چونکە زۆر باش تێدەگەن، لە سەرەتای وەرز باسمان لەم بابەتە کردووە، هەروەک گوتمان ئەمە ساتێکی راگوزەرە لەم تیپەدا، هەمووان پێویستە لەوە تێبگەن، پێویستمان بە تێگەیشتنی یاریزانە بەئەزموونەکان و ئارامی گەنجەکانە بۆ قبوڵکردنی ئەم راگوزەرییە.
 
 
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
 
ئەم جۆرە یارییانە هەمیشە بۆچوون و پێشبینی جیاواز لەخۆدەگرن سەبارەت بەوەی کە ئەگەری هەیە چی رووبدات، بەڵام تاکە واقیع لە یاریگەدا ئەوەیە کە ئێمە چی دەکەین و ئەوان چی دەکەن، دەبێت بزانین چی روودەدات و کاتێک روودەدات باسی دەکەین.
 
تیپەکەمان ئامادە و بە جۆش و پەرۆشە، ئەمە یارییەکی گرنگە، یاری چارەکی کۆتاییە بەرامبەر تیپێکی زۆر بەهێز، تیپێک کە لەگەڵ راهێنەرەکەی یارییەکی باش دەکات و زۆر سەرسامم پێی، ریال مەدرید لەنێو یاریگاکەیدا تیپێکی جیاوازە.
 
سەبارەت بەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو یانە نائاساییە، لە راستیدا وشەی نائاسایی هەمیشە بەلای منەوە کەمێک زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵام ئەوەی دەتوانم باسی بکەم، پەیوەندیی منە لەگەڵ ئەنچیلۆتی، کە تەنیا پەیوەندییەکی پیشەگەرانەیە و تاوەکو ئێستا چانسی ئەوەم نەبووە لێی نزیکبم، کە ئەوە شتێکە من حەزم لێیە، چونکە پیاوێکی زیرەکە، زۆر لێهاتووە، زۆر حەزدەکەم شتی لێفێربم، پەیوەندییەکی باشمان هەیە و پێموایە کەسێکی زۆر باشە.