دێربیی مەدرید.. ریال مەدرید بە دوو باڵی شکاوەوە میونداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات

26-01-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن ریال مەدرید ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وێستگەیەکی دیکە بۆ دوورکەوتنەوە لە بازنەی مەترسیی دوورخستنەوە، وێستگەیەک کە هەمیشە هەناسەسواریی تووشی بینەرانی دەکات، کارلیتۆ لە دوای دۆڕانی کلاسیکۆی سوپەر، دوای دوو بردنەوەی گرنگی لەسەریەک، ئیدی دەبێت بە دوورخستنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە جامی شا، خۆی لە ناوچەی رێد زۆن دووربخاتەوە. 
 
دوای 77 رۆژ، دوای 5 یاریی لەسەریەک، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023 یانەی شاهانە دەگەڕێتەوە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام چ گەڕانەوەیەک؟ لە دێربیی مەدریددا، ریال مەدرید میوانێکی هەیە، میوانێکی بزێوی سەرەڕۆ کە هیچ تیپێک لە جیهاندا ئارەزووی رووبەڕووبوونەوەیان ناکات، ئەویش تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنیی ئەرجەنتینییە. 
 
بۆ ریال بردنەوەی دێربیی چێژێکی تایبەتی هەیە، بەڵام ئەگەر بردنەوەکە ئازاربەخشتر بێت بۆ رکابەرەکەی، چێژی زیاتری پێدەبەخشێت، بەتایبەت کە لە نازناوێکی ئەم وەرزە بێبەشی دەکات، ئەمجارەیان لە قۆناخی 8ـی کۆپا دێل رێی بەیەکدەگەن و هەموو ئەگەرەکانیش لەم یارییەدا کراوەن. 
 
تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی بەتەواوی بۆ ئەم یارییە ئامادەنین، واتا دابڕانیان زۆرە، وەک یاری نەکردنی هەردوو باڵی راستی بەرگری، کارڤاخال و ڤازکێز، دوورکەوتنەوەی چوامینی و وەک هەمیشەش هازارد یاری ناکات، پڕکردنەوەی باڵی راستی بەرگری بە ناچۆ سپێردراوە، بەڵام بۆ ناوەڕاست بەبوونی کرووس، مۆدریچ و کاماڤینگا کێشەی گەورەی تووش نابێت. 
 
ریال 9 وەرزە نەبووەتە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا، ئەوکات لە ساڵی 2014 بوو کە هەمان راهێنەر واتا ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال بوو لەو کلاسیکۆیەی کە گارێس بەیڵ گۆڵە مێژووییەکەی تێدا تۆمارکرد و 2-1 لە بارسایان بردەوە.
 
لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، تەنیا نەبوونی مارکۆس یۆرێنتی لە پێکهاتەکەی سیمیۆنی کەمێک دوودڵی خستووتە دڵی هاندەرانی رۆخی بلانکۆسەوە. 
 
لە دوایین 10 دێربیی فەرمیدا، ئاتلێتیکۆ مەدرید تەنیا دووجار لە ریال مەدریدی بردووەتەوە، دوایینیان لە ئایاری ساڵی رابردوودا بوو کە هەمان دوو راهێنەر رووبەڕووبوونەوە، سیمیۆنی ئەمساڵ تاڕاددەیەکی باش دەستی لە هەموو شتیک شتووە. لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا و تەنانەت نەگەیشتە یۆرۆپالیگیش، لە لالیگا 13 خاڵ لەدوای یەکەمەوەیە، خۆ ئەگەر لەم جامەش دەربکرێت، ئەوا گومانێک نامێنێتەوە کە لە کۆتایی وەرزدا چیرۆکی 12 ساڵەی کارکردنی لەگەڵ دووەم گەورەترین یانەی مەدریددا کۆتاییدێت. 
 
مێژووی هاوچەرخی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لە جامی شای ئیسپانیا لەوەی ریال مەدرید باشتر نییە، ئەوان 10 وەرزی رێکە لەسەریەک دەستیان بەر جامی شای ئیسپانیا نەکەوتووە، لەو کاتەشدا هەر سیمیۆنی نازناوی دەیەمی لە مێژووی رۆخی بلانکۆسدا بردەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە