ئەمشەو کلاسیکۆیە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادەیە

26-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی دووەم یاریی بەدرێسی یانەکەیەوە ئەنجامدەدات و لە جامی سوپەری سعودیەدا، رووبەڕووی یانەی ئیتیحاد جەدە دەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 21:00 لە یاریگەی شا فەهدی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەبێت.
 
رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەوی نەسڕ و ئیتیحاد، یارییەکی کلاسیکۆی سعودیەیە و ئەوەی لە یارییەکەدا بدۆڕێت ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی جامی سوپەری سعودیە دەکات، تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆژی چوارشەممە لەژێر سەرپەرشتی رودی گارسیا، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامداوە و پێکهاتەکەی بەتەواوی ئامادەیە.
 
دوای مەشقەکانیان کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی " بەرەو یارییەکی گەورە، بابڕۆین تیپەکە."
 
ئەمە دووەم یاریی رۆناڵدۆ دەبێت بەدرێسی یانەی نەسڕەوە، دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر یانەی ئیتیفاق بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەیان تۆمارکرد.
 
یارییەکە جگە لە میدیای سعودیە، لە چەند کەناڵێکی جیهانیش پەخشدەکرێت، بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، گرنگییەکی زیاتر بە یارییەکە دەدرێت.
 
رودی گارسیا، راهێنەری فەرەنسی و یانەی نەسڕ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " هەمووان بە ورە بەرزییەکی زۆرەوە رووبەڕووی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبنەوە و ئەمەش شتێکی ئاساییە."
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و ئیتیحاد، لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی هیلال و فەیحا دەبێتەوە، کە کاژێر 18:00 یاریی ئەو دوو یانەیە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە