ڤیدیۆ؛ تیروپشکی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ

رووداو دیجیتاڵ

تیروپشکی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ، کە دوێنێ چوارشەممە راکێشرا، هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و کرواتیای رووبەڕووی یەکدی کردەوە و ئیسپانیاش لەگەڵ ئیتاڵیا یاری دەکات.
 
لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو یارییەکان لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچن، کە بڕیارە رۆژی 14ـی مانگی6ـی2023 هۆڵەندا و کرواتیا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە. ئینجا رۆژی 15ـی مانگی6ـی2023 ئیسپانیا و ئیتاڵیا بەرامبەر بە یەکدی یاری دەکەن.
 
یاریی کۆتایی و یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم و چوارەم، رۆژی 18ـی حوزەیران ئەنجام دەدرێن.
 
ئەو چوار هەڵبژاردەیە ساڵی رابردوو لە ئاستی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان بەدەستهێنا، لە ناوەڕاستی ئەمساڵیشدا لە پاڵەوانێتییەکی بچووکدا رکابەری دەکەن بۆ دیاریکردنی براوەی نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2022-2023.
 
نەیشنسلیگ کێبڕکێیەکی دوو ساڵەیە کە هەموو وڵاتانی ئەوروپا تێیدا رکابەری دەکەن، کە بەسەر چوار ئاستدا دابەشکراون. بە شێوەیەکی کاریگەر جێگەی ئەو یارییە دۆستانەیەی گرتووەتەوە کە پێشتر لەو بەروارانەدا ئەنجام دەدران کە لە ساڵنامەی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە.