پەیامی ماڵئاوایی لامپارد

26-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرانک لامپارد چێڵسی
A+ A-

رووداو دیجیتال

فرانک لامپارد، راهێنەری لەسەرکارلادراوی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، چەند کاژێرێک دوای ئەوەی بەفەرمی لە مەشقی بلوز دوورخرایەوە، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە. 

چێڵسی رۆژی دووشەممە لەسەرکارلابردنی لامپاردی راگەیاند، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەی لە پرێمەرلیگدا، کە لە دوایین 8 یارییدا تەنیا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولەکدایە.

لامپارد لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە فەیسبوکدا، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێت "شەرەفێکی گەورەبوو بۆ من کە راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی بکەم، ئەو یانەیەی ماوەیەکی زۆر بەشێکی گەورەی ژیانم بووە".

هەروەها، دەڵێت "دەمەوێت سوپاسی هەواداران بکەم بۆ ئەو پشتیوانییە ناوازەیەی لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا بە من گەیشتووە، هیوادارم بزانن ئەمە مانای چییە بۆ من".

راهێنەرە ئینگلیزەکە، هەروەها دەڵێت "کاتێک پۆستی راهێنەری چێڵسیم وەرگرت، دەمزانی ئەو ئالنگاریانەم لەپێشدایە. شانازی دەکەم بەو دەستکەوتانەی بەدەستمان هێناون، هەروەها شانازی بەو یاریزانانەی ئەکادیمیاوە دەکەم کە بەشداریان لە تیپی یەکەمدا کرد، ئاستێکی باشیشیان پێشکەشکرد، ئەوان ئایندەی یانەکەن".

فرانک لامپارد، لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی "بێهیوا بووم لەوەی ئەم وەرزە کاتم نەبوو تیپەکە بەرەو ئاستێکی بەرزتر ببەم".

هەروەها دەڵێت "دەمەوێ سوپاسی بەڕێز ئەبرامۆڤیچ، یاریزانان و ستافی راهێنەران و هەموو کەسێک لە یانەکە بکەم بۆ ئەو کار و تێکۆشانەی لە یانەکەدا کردوویانە".

لە کۆتایی پەیامەکەیشیدا، فرانک لامپارد هیوای سەرکەوتن بۆ تیپ و یانەی چێڵسی دەخوازێت و دەڵێت "هیوادارم لە داهاتوودا چێڵسی بە هەموو شێوەیەک سەرکەوتوو بێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە