وردەکاریی لەسەرکارلادانی لامپارد: تەلەفۆنێک هەموو شتێکی گۆڕی

رووداو دیجیتال

رۆژنامەی سەنی بەریتانی، وردەکاریی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەخاتەڕوو، کە چۆن فرانک لامپارد لەوە ئاگادارکراوەتە کە چیدی راهێنەری تیپەکە نییە.
 
لامپارد بەیانی رۆژی دووشەممە لەسەرکارلادرا دوای زنجیرەیەک ئاست و ئەنجامی خراپ لەم وەرزەدا، چاوەڕوان دەکرێت لە جێگەی ئەو تۆماس توخێلی راهێنەری پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دابنرێت.
 
سەن لە رێگەی ماڵپەڕەکەییەوە دووپاتیکردەوە، کە سەرەڕای سەرکەوتنی چێڵسی 3 - 1 بەسەر لوتن تاون لە قوناخی چوارەمی جامی ئینگلتەرادا، خاوەنی یانەکە رۆمان ئەبرامۆڤیچ وایبینیوە کە یانەکەی لەگەڵ لامپارد بە ئاراستەیەکی راستدا ناڕوات و یاریزانەکان لەژێر سەرکردایەتی ئەودا متمانەیان لەدەستداوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە لەدەستدانی لێدانی سزابوو لەلایەن تیمۆ ڤێرنەرەوە.

لەسەر ئەو بنەمایە رۆمان ئەبرامۆڤیچ، کە پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ لامپارددا هەیە، فەرمانی لەسەرکارلادانی راهێنەری تیپەکەی دا.
 
لامپارد بەرەو یاریگەی مەشقەکانەوە دەڕۆیشت، کاتێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هات سەبارەت بەکۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە، ئەویش رێگەی خۆی لە یاریگەی مەشقەوە بۆ یاریگەی ستامفۆرد برێدج گۆڕی.
 
کاتژمێر 9ی بەیانی بە کاتی لەندەن، لامپارد لەگەڵ بروس بۆک سەرۆکی یانەکە و مارینا گرانۆڤسکایا بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆبووە بۆ ئەوەی ئاگاداربکرێتەوە کە کۆتاییان بە خزمەتەکانی هێناوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە کە دواتر هەموو ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی  تەلەفۆنیان بۆ کراوە و ئاگادارکراونەتەوە کە ئەوانیش دوورخراونەتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە کە تەنیا نیو کاژێری خایاندووە، لە هەردوو لاوە زۆر ئاسایی و پرۆفیشناڵانە بەڕێوەچووە، بەتایبەت لامپارد، کە دوای وەرگرتنی پەیوەندی تەلەفۆنی هەستی کردووە لەکاردووردەخرێتەوە.