گۆڵپارێزی پێشووی ئەرجەنتین هێرشی تووند دەکاتە سەر مێسی و دەڵێ رۆناڵدۆ باشترە


رووداو دیجیتاڵ

هۆگۆ ئۆرلاندۆ گاتی، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی بۆکاجۆنیۆرد، رەخنەی تووندی لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین گرت و دووپاتیکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مێسی باشترە.
 
گاتی لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'لاناسیۆن' دەڵێ، "من رقم لە مێسی نییە، بەڵام ئەو هەر یاریی ئاسانی کردووە. لە بارسێلۆنا بینیومە فیکەی ناڕەزایەتی لە دژی لێدراوە، لە کاتێکدا ئەوان تیپێکی زۆر ناوازەیان هەبوو و هەموو یارییان بۆ مێسی دەکرد".
 
هۆگۆ، کە لە 1966 تاوەکو 1977 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کردووە و لە یانەکان ریڤەرپلەیت و بۆکاجۆنیۆرز بووە، کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی ئەوەی پێیوایە کە مێسی بەشداری لە مۆندیالی 2026 بکات؟ دەڵێ، "دەتوانێت بەشداری بکات، بەڵام تیپەکە کەموکورتی دەبێت، چونکە ئەو ئێستا لە گوندەکانی ئەمریکا یارییدەکات".
 
گاتی، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پێیوایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مێسی باشترە، دەڵێ، "کریستیانۆ دیاردەیە. پێی دەڵێن تواناکانی سنووردارە، بەڵام سنووردارە چونکە هەمان ئەو دۆخەی نییە کە بۆ مێسی هەڵکەوتووە، بەڵام ئەو لە باشترین تیپەکانی جیهان یارییکردووە و قورسە لەوێ یاریی بکەیت. ئەو لە شوێنێک بووە کە شوێنی یارییکردنی پیاوە گەورەکانە، لەوێ راوت دەنێن و دەتکوژن".
 
ئەو گۆڵپارێزەی پێشوو هەروەها دەڵێ، "مێسی لە کوێ یارییدەکات؟ لە بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین. لە هیچ شوێنێکی دیکە یاریی نەکردووە، لە هیچ وڵاتێکی دیکەش، لە کاتێکدا هەلی ئەوەی هەبوو".
 
هۆگۆ لە کاریگەریی مێسی کەمکردووەتەوە لە بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022 لەلایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و دەڵێ، "تەنانەت بۆ یەکجاریش ئەو لێی نەدرا، لە تۆپی پێدا، ئەگەر رێگەیان دایت بەئاسانی یاریی بکەیت، وەک ئەوەی دی ستیڤانۆ گوتویەتی، ئەوکات دەتوانی هەموو رۆژێک یاریی بکەیت".
 
گاتی لە کۆتاییدا دەڵێ، "لە بەرامبەردا مارادۆنا تاوەکو مردن لێی درا، مێسی هیچکاتێک لە یاریگەدا لێی نەدراوە. هەرچی دیێگۆیە سەدان جار لێی دەدرا و هەڵدەستایەوە و رایدەکرد، کەچی مێسی تەنیا دەستت بەری بکەوێت، ئیدی دەکەوێت و هەڵناستێتەوە".
 
گاتی ئێستا لە تەمەنی 80 ساڵیدایە و هەندێک لە ئەرجەنتینییەکان بەهۆی لێدوانە تووند و ئاگراوییەکانییەوە، ئەو بە 'شێت' ناودەبەن.