خولی نایابی بالەی عێراق لە هەولێر ئەنجام دەدرێت
رووداو هەولێر
بڕیارە سبەی پێنجشەممە یارییەکانی گردبوونەوەی دووەمی خولی نایابی بالەی عێراق لە شاری هەولێر دەستپێبکەن، یانەی هەولێر لە کۆمەڵەی دووەمی خولەکەدایە و چاوی لە ئەنجامێکی گەورەیە.
یارییەکان رۆژانە لەنێو کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی دووەم هەریەک لە یانەکانی هەولێر، دەغارە، مەسافی شیمال لەگەڵ سناعە رکابەری یەکدی دەکەن.
موناف عەلی، ئەندامی یەکێتیی ناوەندی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "یارییەکان بەشێوەیەکی گشتی بەهێزە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یانەی هەولێر ژمارەیەکی زۆر هاندەر ئامادەبن، ئێمەش بەشێویەکی باش ئامادە دەبین".
یارییەکانی رۆژی یەکەم بەمشێوەیەن:
سناعە - مەسافی شیمال
هەولێر - دەغارە
محەممەد سەلیم، سەرپەرشتیاری بالەی یانەی هەولێر، بۆ رووداو گوتی "ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ یارییەکانی گردبوونەوەی دووەم، دڵمان بەوە خۆشە کە هاندەرانمان دەبنە خاڵێکی بەهێز و ململانێی زیاتر دەکەین".
وەرزی رابردوو یانەی غازی جنووب نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بۆ جاری هەشتەم لە مێژووی خۆیدا بردەوە، یانەی هەولێر لە پلەی دووەم هات.
فیدراسیۆنی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یانەی هەولێر وەک نوێنەری عێراق بەشداری بکات لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب لە قەتەر، یارییەکانی مانگی دووی ساڵی 2025 لە قەتەر بەڕێوەدەچن، یانەی هەولێر لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ یانەکانی دار کلیبی بەحرەینی، ئەهلی میسری لەگەڵ شورتەی قەتەری دەکات.