مەسعود پزیشکیان لێبوردنێکی سەرۆکایەتی بۆ عەلی دایی دەرکرد

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عەلی دایی مەسعود پزیشکیان ژینا ئەمینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێبوردنێکی سەرۆکایەتی بۆ ئەفسانەی تۆپی پێی ئێران، عەلی دایی دەرکرا و یاریزانەکە لەو سزادانە بەخشرا، کە لە ساڵی 2022 بەهۆی پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندنەکانی ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی کورد، بەسەریدا سەپێنرابوو.
 
رۆژنامەی ئیعتمادی ئێرانی، کە نزیکە لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران رێنمایی ئاراستەی وەزیری وەرزشیی وڵاتەکەی کردووە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایەی بەسەر عەلی دایی ئەفسانەی تۆپی پێدا سەپێنرابوو.
 
بەپێی ئەم بڕیارە، عەلی دایی تەمەن 55 ساڵ، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی پەیوەست بە تۆپی پێ.
 
بۆچی دایی سزادرا؟
 
دایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە هەر جۆرە چالاکییەکی پەیوەندیدار بە تۆپی پێ قەدەخە کرا، دوای ئەوەی لە کاتی شەپۆلی ناڕەزایەتی بەربڵاوی دژ بە حکومەت لە مانگی ئەیلوولی 2022 پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران نیشاندا، ئەمەش دوای مردنی خانمە گەنجی کورد، ژینا ئەمینی.
 
ژینا کە مەهسایشی پێ دەگوترا، کچە کوردێکی 22 ساڵانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ 16ـی ئەیلوولی 2022، بەتۆمەتی پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا. باوکی ژینا ئەو کات بە رووداوی گوت "کچەکەی بە دەستی پۆلیس کوژراوە".  
 
دایی لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بڕیاری لێبوردنەکە گەڕانەوەی بۆ تۆپی پێ رەتکردەوە و روونیکردەوە کە "ئەو لێبووردنەی بەلایەوە گرنگ نییە".
 
بەپێی هەواڵی میدیاکان، دایی بەربژێر کرابوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، بەڵام ناوبراو ئەو پێشنیازەی رەتکردەوە.
 
عەلی دایی زۆرترینجار بەدرێسی هەڵبژاردەی ئێرانەوە دەرکەوتووە، کە 149 یاری نێودەوڵەتی بۆ ئەو هەڵبژاردەیە کردووە. ئەو بە تۆمارکردنی 109 گۆڵی نێودەوڵەتی، سێیەم یاریزانە کە بەدرێژایی مێژوو زۆرترین گۆڵی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمارکردووە، لەدوای کریستیانۆی پۆرتوگالی کە 135 گۆڵی تۆمارکردووە و لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی کە 112 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
عەلی دایی، لە ئەڵمانیا لەنێوان ساڵانی 1997 تاوەکو 2002 یاری بۆ یانەی بایرن میونشن و هێرتا بەرلین و ئارمینیا بیلێفیڵد کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە