عێراق یاریی هەیە و رێبین سولاقا دەڵێ ساڵ و نیوێکە بیر لەم یارییە دەکەینەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی کەنداو هەڵبژاردەی عێراق هەڵبژاردەی بەحرەین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 26 بەدوای دووەم سەرکەوتنی لەسەریەک و نزیکبوونەوەی زیاتر لە گەیشتن بەقۆناخی دووەمی جامەکە دەگەڕێت، کاتێک ئەمڕۆ رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەحرەین دەبێتەوە.
 
یارییەکە کاژێر 20:30 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.
 
عێراق لە یاریی یەکەمیدا لە جامەکە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر و بەزەحمەت لە یەمەنی بردەوە، لە یارییەکەی ئەمڕۆدا پێویستیی زۆری بەبردنەوە هەیە تاوەکو خۆی لە هەر سوپرایزێک لە یاریی سێیەمی جامەکە بەرامبەر سعودیە بپارێزێت.
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، خیسۆس کاساسی راهێنەری عێراق، دەتوانێت سوود لە تواناکانی زێدان ئیقبالی یاریزانی ئۆترێختی هۆڵەندی وەربگرێت کە بەر لە چەند رۆژێک پەیوەندی بەکەمپی هەڵبژاردەکەوە کرد لە کوەیت.
 
بەحرەین لای خۆیەوە، رکابەرییەکانی جامەکەی بەبردنەوەیەکی گرنگ لە سعودیە دەستپێکرد و دەیەوێت بەبڕینی هەڵبژاردەی عێراق، پێشەنگی کۆمەڵەکەی مسۆگەر بکات بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
یارییەکانی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە ساڵانی پێشوودا، رکابەریی تووندی بەخۆوە بینیوە و زۆرینەی ئەنجامەکان بەیەکسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە کۆتایی هاتووە و لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردەی عێراق هیچ یارییەکی لە هەڵبژاردەی بەحرەین نەبردووەتەوە.
 
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، یارییکردن لە جامی کەنداو بە زەحمەت ناودەبات و دەڵێ، "لەم پاڵەوانێتییەدا هەر سێ رۆژ جارێک یارییەکە دەکەین، گرنگترین شت ئەوەیە کە یاریزانەکان ئامادەبن و ئامادەکاریی پلانی تاکتیکی و ڤیدیۆییمان بۆ یارییەکان هەبێت، چونکە مەشقکردن زۆر ئەستەمە".
 
راهێنەری عێراق، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "یارییەکەمان بەرامبەر بەحرەین قورس دەبێت، پێموایە هەردوو تیپ لە زۆر رووەوە لێکدی نزیکن، چ وەک شێوازی یاریکردن و چ وەک یاریزانەکانمان، هیوادارام ببەینەوە، بەڵام یارییەکە یارییەکی کوالیتی بەرز دەبێت".
 
لای خۆیەوە، رێبین سولاقا، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، ئەرکەکەی بەقورس ناوبرد و ئاشکرایکرد، ئەوان دەمێکە بیر لە یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر بەحرەین دەکەنەوە، "پێموایە ئامادەکارییەکانمان لەسەرەتاوە لە دەوحەوە زۆر باشبوون. هەڵبژاردەی بەحرەینمان بەرامبەر سعودیە بینی و دەزانین ئەوان چ جۆرە کوالیتییەکیان هەیە و خۆمان بۆ ئامادەکردوون، هەروەها دەزانین هێزی ئەوان لە کوێدایە و چۆن دەتوانین هێرشیان بکەینە سەر. ئێمە نزیکەی ساڵ و نیوێکە خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکەین و لە دوایین مەشقەکانیشدا هەمان کارمان کردەوە و پێموایە یارییەکی پڕ چێژ دەبێت بۆ هاندەر".
 
راهێنەری هەڵبژاردەی بەحرەین، دراگان تالاجیچ، یارییەکەی بەقورس ناوبردووە و دەڵێ، "ئێمە بەباشترین شێوە بۆ یارییەکە خۆمان ئامادەکردووە. راشکاوانە بڵێ، وەکئەوەی پێشتریش گوتم، یارییەکە، یارییەکی قورس دەبێت، دەتوانم بڵێم من متمانەم بەکوڕەکانم هەیە و دەزانم دەتوانن تۆپی پێیەکی جوان بکەن، پشتبەخوا هەمووان بەباشی ئامادە دەبن و چاکدەبنەوە، چونکە یارییەکەمان بەرامبەر سعودیە زۆر قورسبوو لە رووی هزری و جەستەیی و هەموو شتێکەوە، ئێستا بەرامبەر عێراقیش یارییەکی قورسی دیکەمان هەیە. پشتبەخوا هەوڵدەدەین تۆپی پێیەکی جوان پێشکێش بکەین و جارێکی دیکە چێژی لێوەربگرینەوە، چونکە عێراق دەتوانێت تۆپی پێیەکی جوان بکات، پشتبەخوا تۆپی پێیەکی جوان دەبێت، جوان دەبێت بۆ بینەر و هیواداریشم بەحرەین براوە بێت تێیدا".
 
هەڵبژاردەکانی بەحرەین و عێراق، لە جامی کەنداوی پێشوودا کە لە بەسڕە بەڕێوەچوو و عێراق نازناوەکەی بردەوە، بەیەکگەیشتن و ئەوکات هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە