چێڵسی دەیەوێت بە سوپرایزێک ریال مەدرید تووشی شکست بکات

25-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید چێڵسی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش دەکات و دەیەوێت هەڕەشە لە هەوڵەکانی ریال مەدرید بکات، بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا و ئیسپانیا، یانەی چێڵسی دەچێتە نێو رکابەری گواستنەوەی جیریمی فریمپۆنگ، بەرگریکاری باڵی راستی یانەی بایرلیڤەرکوزن بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
ناوی یاریزانەکە ماوەیەکە بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بەستراوەتەوە و یانەی شاهانە دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری یانەکەی بگوازێتەوە.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت "چێڵسی بەهۆی پێکانی ریس جەیمسەوە دەیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی هێڵی بەرگریی یانەکەی لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە."
 
چێڵسی ئامادەیە 40 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بداتە یانەی بایرلیڤەرکوزن.
 
هەوڵەکانی یانە لەندەنییەکە لەکاتێکدایە، ریال مەدرید پلانی داناوە هەنگاوەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە خێرا بکات و یاریزانەکە بباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
یانەی شاهانە لە کاتێکدا دەیەوێت یاریزانە 23 ساڵەکە بگوازێتەوە، دانی کارڤاخاڵ تەمەنی بەرزبووەتەوە و پێکانی هەیە، لوکاس ڤازکێزیش ئەو ئاستەی نییە و زیاتر وەک یاریزانی یەدەگ یاریی دەکات.
 
جیریمی فریمپۆنگ، پێشتر لە تیپی لاوانی مانچێستەر سیتی یارییکردووە، ئێستا یاریزانی بایرلیڤەرکوزنە، بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ و گرێبەستەکەشی لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە