مۆرینیۆ راهێنەرێکی گەورە دەباتە پرێمەرلیگ
رووداو دیجیتاڵ
گاریس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێدەچێت گوێرایەڵی ئامۆژگارییەکانی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پێشووی یانەکانی چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و ئێستای یانەی رۆما بکات و راهێنەرایەتی یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ وەربگرێت.
ساڵی 2016 ساوسگەیت وەک راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دیاریکرا و توانی لە ساڵی 2020 هەڵبژاردەی سێ شێرەکە بۆ یاریی کۆتایی یۆرۆ سەربخات کە ئەوە یەکەمین جاربوو لە دوای ساڵی 1966ـەوە ئینگلتەرا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی گرنگدا بێت، دواتر لە مۆندیالی 2022 توانی تاوەکو یاریی پێش کۆتایی بڕوات، بەڵام لەو قۆناخەدا رووبەڕووی فەرەنسا بووەوە و یارییەکەی پێدۆڕاند.
ساوسگەیت لە هەڤپەیڤینێكدا رایگەیاند کە ئەو دەتوانێت ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەکی پرێمەرلیگ وەربگرێت و بەراوردی دەکات بە راهێنەرایەتی کردنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و دەڵێت "بە دڵنیاییەوە دەتوانم ببمە راهێنەری یانەیەکی پرێمەرلیگ و هیچ گومانێکم لەوەدا نییە، لە جیهانی تۆپی پێدا هیچ ئەرکێک نییە وەک راهێنەرایەتی کردنی ئینگلتەرا بتترسێنێت، هیچ کارێک لەوە گەورەتر نییە، هیچ کاتێک ئەوەندە هەست بە گوشار ناکەیت و ئەوەندە کێشەی قورست تووش نابێت".
ساوسگەیت لە پرێمەرلیگدا تەنیا راهێنەرایەتی یانەی میدڵزبرەی کردووە و لە ساڵی 2009 یانەکە لەگەڵ ئەو راهێنەرەدا بۆ چامپیۆنشیپ دابەزی، لەو بارەیەوە ساوسگەیت دەڵێت "هەمووان پێم دەڵێن "تۆ میدڵزبرەت دابەزاند"، ئەوە راستە بەڵام ئەو رووداوە لە ساڵی سێیەمم لەگەڵ یانەکەدا روویداوە و من سێ ساڵ ئەزموونم لە پرێمەرلیگدا هەیە".
راهێنەرە ئینگلیزییەکە رایگەیاند کە کاتێک جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری مانچێستەر یونایتد بووە قسەی لەگەڵدا کردووە و وایکردووە زیاتر متمانەی بەخۆی هەبێت بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی یانەیەکی پرێمەرلیگ وەربگرێت، لەو بارەیەوە ساوسگەیت دەڵێت "بیرمە قسەم لەگەڵ مۆرینیۆ دەکرد کاتێک لە مانچێستەر یونایتد بوو، ئەو پێی گوتم "دەزانی کە کاتێک لە راهێنەرایەتی ئینگلتەرا تەواو دەبیت دەتوانیت هەر کارێک بکەیت کە دەتەوێت"، لەو کاتەدا بەخۆمم گوت لەوانەیە جۆزێ راست بکات، بەڵام ئێستا کە حەوت ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا رۆشتووە دڵنیابوومەوە کە راستی دەکرد".
لە پرێمەرلیگ هەریەکە لە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد و ماوریسیۆ پۆچیتینۆ، راهێنەری چێڵسی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیانەوە گوشاری زۆریان لەسەرە و بەپێی هەواڵەکان ئەو دوو یانەیە لە ساڵی داهاتوودا بە دوای راهێنەری نوێدا دەگەڕێن، بۆیە پێدەچێت ئەوە دەرفەتێکی باش بێت بۆ ساوسگەیت بۆ ئەوەی ئامانجەکە بەدیبێنێت و ببێتە راهێنەری یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ.