یانەیەکی زەبەلاحی ئیتاڵیا چاودێری تۆنی کرووس دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیتاڵیا، ئارەزووی یوڤێنتوس بۆ گواستنەوەی تۆنی کرووس، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات.
 
کرووس بە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەی یانە ئیسپانییەکە دادەنرێت، بەڵام گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی Calciomercato.com بڵاویکردوونەتەوە، یوڤێنتوس هێشتا چاودێری هەڵوێستی ئەستێرە قاڵەکەی ئەڵمانیا دەکات، کە گرێبەستەکەی لە 30ـی حوزەیرانی 2024 کۆتاییهات. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی ئازاد لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
کارگێریی یانەی شاهانە هەوڵدەدات ئەو یاریزانە تەمەن 33 ساڵە رازی بکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەستێرە ئەڵمانییەکە هەڵوێستی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە، ئایا بەردەوام دەبێت لەگەڵ مێرێنگێ، یان دەڕوات بەمەبەستی دەستپێکردنی سەرکێشییەکی نوێ، یان وازهێنان بۆ هەمیشەیی، کە دوای یۆرۆی 2020 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وازی لە یاریکردن هێناوە.
 
تۆنی کرووس، لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە ریزەکانی  ریال مەدریدەوە کردووە، لەگەڵ یانەی شاهانە لە 417 یارییدا بەشداری کردووە و چەندین نازناوی ناوخۆیی و کیشوەری بەدەستهێناوە.
 
هەروەها کرووس لەم وەرزەدا بەشداری لە 23 یارییدا کردووە لەگەڵ ریال مەدرید، گۆڵێکی تۆمارکردووە و 6 ئاسیستیشی کردووە، کە تاوەکو ئێستا باشترین ئاسیستکاری تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتییە.