مان سیتی بارسێلۆنا و هەمووان بێهیوا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت رکابەریی گواستنەوەی یاریزانێکی لاو لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە و هەرچی زووە کلاودیۆ ئێچێڤری، هێرشبەری یانەی ریڤەرپلەیت بکاتە یاریزانی یانەکەی.
 
کارگێڕیی یانە ئینگلیزییەکە هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە چڕکردووەتەوە و یانەکە نزیکە لە گواستنەوەی کلاودیۆ.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ و میدیای بەریتانیا دەڵێن "مانچێستەر سیتی لە هەموو یانەکان نزیکترە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە، یانەکە ئامادەیە 20 ملیۆن یۆرۆ وەکو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئێچێڤری بداتە ریڤەرپلەیت."
 
بەپێی زانیارییەکان، مانچێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە سوودی لە پەیوەندیی بەهێزی خۆی لەگەڵ یانە ئەرجەنتینییەکە وەرگرتووە، بەتایبەت دوای ئەوەی جولیان ئەلڤارێزی لەو یانەیە کڕی، بۆیەش یانە ئینگلیزییەکە ئامادەیە هاوشێوەی گرێبەستی ئەلڤارێز مامەڵە لەگەڵ گرێبەستی ئێچێڤری بکات و یاریزانەکە تاوەکو کۆتایی وەرز لە ریزەکانی ریڤەرپلەیت بمێنێتەوە، پاشان رووبکاتە مان سیتی.
 
نزیکبوونەوەی مانچێستەر سیتی لە گواستنەوەی یاریزانەکە لەکاتێکدایە، ئێچێڤری هاندەری بارسێلۆنایە و دەیەوێت بچێتە ئەو یانەیە، بەڵام دۆخی یانەکە خراپە و زەحمەتە بتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە واژۆبکات.
 
جگە لە بارسێلۆنا، چێڵسی، یوڤێنتوس، ئینتەرمیلان، ئەیسی میلان، پاریس سانجێرمان و چەند یانەیەکی دیکە گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدەن، بەڵام مان سیتی نزیکترین بژاردەیە بۆ ئەوەی کلاودیۆ لە رێگەیەوە کاروانەکەی بباتە ئەوروپا.
 
کلاودیۆ ئێچێڤری تەمەنی 17 ساڵە، ئەوەی یاریزانەکەی زیاتر دەرخست، ئەو ئاستە بەرزەی بوو کە لە مۆندیالی لاواندا پێشکێشیکرد، یاریزانەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین 18 یاریی ئەنجامداوە و 10 گۆڵی تۆمارکردووە.