ئاتلێتیکۆ مەدرید پلانێکی گەورەی بارسێلۆنا هەڵدەوەشێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی پلانێکی بۆ درێژکردنەوەی خواستنەکەی جواو فێلیکس لە یانەکەدا داناوە، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید پلانەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
جواو فێلیکس یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە، بەڵام بەشێوەی خواستن لە یانەی بارسێلۆنا یاریی دەکات، دوای ئەوەی لە حوزەیرانی ئەمساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی بلاوگراناوە کرد.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، یانە کەتەلۆنییەکە پلانی داناوە، وادەی خواستنەکەی جواو فێلیکس بۆ وەرزێکی دیکە درێژبکاتەوە و ئەگەری کڕینەوەشی لە هاوینی 2025 بخاتە بەردەم یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام ئاتلێتیکۆ بەم پلانە رازی نییە و ئامادەنییە هیچ دەستەوارەیەکی بارسێلۆنا بەشێوەی خواستن بۆ ئەو یاریزانە قبوڵ بکات.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئاتلێتیکۆ مەدرید تەنیا لە یەککاتدا ئامادەیە بە دەستەوارەی بارسا رازی ببێت، ئەویش ئەگەر پارەیەکی زیاتری پێشکێشبکەن و بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ و مەرجی کڕینەوەی هەمیشەیی لەگەڵدا بێت، بەڵام بە مەرجی ئێستا یانەکە ئامادەنییە وادەی خواستنی یاریزانە پۆرتوگالییەکە درێژبکرێتەوە.
 
جواو فێلیکس لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لەم وەرزەدا، بەشێوەیەکی گشتی 20 یاریی ئەنجامداوە، 6 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 ئاسیستی هەیە.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکەن، چاڤی بەتەواوی لە ئاستی جواو رازی نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەکەی لە دۆخێکی خراپدایە و ناتوانێت گرێبەستی گەورە واژۆبکات، بەناچاری داوای درێژکردنەوەی وادەی خواستنی یاریزانەکەی کردووە.
 
پێشتر یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید رەخنەی زۆریان لە ئاستی جواو فێلیکس گرت، یاریزانەکەش لە یاریی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بە تۆمارکردنی گۆڵێک وەڵامی رەخنەکانی دایەوە، بەڵام ئاهەنگگێڕانەکەی بەرامبەر رۆخی بلانکۆس هاندەرانی ئەو یانەیە تووڕەکرد.