لە مۆندیالدا گەشتیاریی قەتەر ژمارەیەکی پێوانەیی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

مۆندیالی 2022ـی قەتەر جگە لە وە ریکۆردانەی لە رووی وەرزشییەوە تۆماریکردن، لەرووی گەشتیاری و ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانیشەوە ژمارەیەکی پێوانەیی گەورەی تۆمارکرد و میلۆنان خەڵک لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا سەردانی وڵاتەکەیان کردووە.
 
کۆمپانیای فڕۆکەوانی قەتەری رایگەیاندووە، لە ماوەی بەڕێوەچوونی مۆندیالدا 14 هەزار گەشتی ئاسمانی بۆ قەتەر ئەنجامدراون، وەزارەتی گواستنەوەی قەتەریش دەڵێت " 27 ملیۆن کەس لە ئامرازی گواستنەوەی گشتیان لەو ماوەیەدا بەکارهێناوە."
 
هێڵی ئاسمانی قەتەر رایگەیاند، بۆ سەیرکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2022 زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزار کەس بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردەکانیان چوونەتە قەتەر.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا ) دەڵێت " لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا 1.8 ملیۆن کەس سەردانی فان فێستیڤاڵیان کردووە، کە شوێنی کۆبوونەوەی هاندەران بوو لە باخچەی ئەلبدع، کە گەورەترین شوێنی کۆبوونەوەی هاندەران بووە و لەوێ چالاکی هونەری، وەرزشی و جۆراوجۆر لەلایەن هاندەرانی هەڵبژاردە جیاوازەکانەوە ئەنجامدەدران.
 
دەستەی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی قەتەری تۆمارکردنی 26 هەزار و 425 گەشتی ئاسمانیی تاوەکو کۆتاییهاتنی مۆندیال لە فرۆکەخانەی حەمەد و دەوحەی نێودەوڵەتی راگەیاند.
 
وەزارەتی گواستنەوەی قەتەر دووپاتیدەکاتەوە کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا، 27 ملیۆن جار ئامرازی گواستنەوەی گشتی لەلایەن هاندەرانەوە بەکارهێنراوە.
 
میترۆی دەوحەی پایتەختی قەتەر، 18 ملیۆن و 416 هەزار سەرنشینی گواستووەتەوە، 7 ملیۆن 368 هەزار جاریش پاسی تایبەت بە گواستنەوەی سەرنیشەکانیش بەکارهێنراوە.
 
کۆمپانیاکانی تایبەت بە گواستنەوەی سەرنشینەکان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە 8 ملیۆن گەشتیان تۆمارکردووە، بەکارهێنانی تاکسیش گەیشتووەتەوە 315 هەزار گەشت.
 
وەزارەتی گواستنەوەی قەتەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، 829.741 سەرنشین میترۆی لوسەیلیان بەکارهێناوە، لە شاری فێرکاری 150.8 هەزار سەرنشین میترۆیان بەکارهێناوە، لە مشیربیش 27 هەزار و 600 هاندەر میترۆیان بەکارهێناوە بۆ چوون بۆ ئەو شوێنانەی مەبەستیان بووە.