جامی کەنداو.. 5 یاریزانی کورد لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا یارییدەکەن

25-12-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی کەنداوی 25
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکی دیکە یارییەکانی جامی کەنداوی 25 لە بەسڕە دەستپێدەکەن، 5 یاریزانی کورد لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
 
خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانی و هەڵبژاردەی عێراق، دوایین لیستی یاریزانەکانی بۆ پاڵەوانێتییەکە راگەیاند، لەنێو لیستەکەدا ناوی پێنج یاریزانی کورد هەیە و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەریەکە لە دلۆڤان مەهدی گۆڵپارێز و ژیلوان حەمەدیش بانگهێشتی هەڵبژاردەکە نەکران.
 
لە لیستەکەی راهێنەرە ئیسپانییەکەدا هەریەکە لە ئاڵای فازل، رێوان ئەمین، ئەحمەد یاسین، شێرکۆ کەریم و ئاسۆ رۆستەم وەک یاریزانانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراون و بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
 
رێوان ئەمین، یاریزانی کوردی یانەی دالکورد کە نزیکە بگەڕێتەوە خولی هۆڵەندا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " دڵخۆشم کە جارێکی دیکە بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشتکراوم و دەمەوێت بەباشترین ئاستەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا یاریی بکەم."
 
رکابەرییەکانی جامی کەنداوی 25 لە رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەن و تاوەکو 19ـی هەمان مانگ بەردەوامدەبن، 8 هەڵبژاردە بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.

هەڵبژاردەکانی جامی کەنداوی 25


لە کۆمەڵەی یەکەمدا، هەڵبژاردەی عێراق، عومان، سعودیە و یەمەن رکابەری یەکدی دەکەن.
 
لە کۆمەڵەی دووەمیشدا، هەریەکە لە قەتەر، بەحرەین، کوێت و ئیمارات رکابەریی یەکدی دەکەن.
 
یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراقی میوانداری پاڵەوانێتییەکە و عومان لە رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو کاژێر 18:45 لە یاریگەی بەسڕەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
 
ئامادەکارییەکانی عێراق
 
عێراق ماوەیەکی درێژە خۆی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە ئامادەدەکات، دوای ئەوەی چەندجارێک وادەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە دواخرا، بەرپرسانی تۆپی پێی عێراقیش دووپاتیدەکەنەوە کە لە بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکەدا بەشێوەیەکی زۆرباش دەتوانن سەرکەوتوو بن و پاڵەوانێتییەکی سەرنجڕاکێش بەڕێوەببەن.
 
لە ساڵی 2019 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداودا بڕیاردرا، رکابەرییەکانی کەنداوی 25 لە بەسڕە بکرێن، بەمەش عێراق بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، کە جاری یەکەمی لە 1979 بوو.
 
عێراق بە میوانداریکردنی جامی کەنداو دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە هەڵبژاردەیەکی بەهێز ئامادەبکات بۆ پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا و مۆندیالی 2026 و جاریکی دیکە هاندەرانی بەبردنەوەی نازناوێک شادبکاتەوە، دووەمیان دەیەوێت لە رێگەی ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکەوە فیفا رازی بکات ئابڵوقەی وەرزشی لەسەر یاریگەکانی عێراق هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق لە یاریگەی خۆیاندا و لەبەردەم هاندەرانیاندا یارییەکانیان ئەنجامبدەن.
 
لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا بڕیارە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو و چەندین کەسایەتی وەرزشی لەسەر ئاستی وڵاتانی کەنداو ئامادەببن و هەریەکە لە رەحمە ریاز و حوسام رەسام، هونەرمەندانی عێراقیش گۆرانی ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەڵێن.
 
یارییەکانی جامی کەنداو لە دوو یاریگەدا دەکرێن
 
رکابەرییەکانی جامی کەنداوی 25، سەرەڕای ئەوەی لە عێراق ژمارەیەکی زۆر یاریگەی باش و سەرنجڕاکێش لە شارە جیاوازەکان هەن، بەڵام یارییەکانی تەنیا لە دوو یاریگەی بەسڕە بەڕێوەدەچن.
 
یاریگەی بەسڕەی نێودەوڵەتی
 
ئەم یاریگەیە لە ساڵی 2013 کراوەتەوە و ناوی (جذع النخلة)ـەیە و دەکەوێتە شاری وەرزشی بەسڕە، گەورەترین یاریگەی عێراقە و 65 هەزار هاندەر تێیدا دەتوانن سەیری یارییەکان بکەن.
 
بیرۆکەی دیزاینی یاریگەکە لە قەدی دار وەرگیراوە و لە سەرنجڕاکێشترین یاریگەکانی عێراقە.
 
لە 1ـی حوزەیرانی 2017 بۆ یەکەمجار یارییەکی نێودەوڵەتی لە یاریگەکەدا ئەنجامدرا، هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر ئوردن یارییکرد و 59 هەزار و 948 هاندەر لە یاریگەدا ئامادەبوون، دوای ئەوەش چەندین یاریی جیاوازی عێراق لەو یاریگەیەدا بەڕێوەچوون.
 
یارییەکانی عێراق لە جامی کەنداو لەو یاریگەیە دەکرێن، بەهۆی ئەوەی کە چاوەڕواندەکرێت زۆرترین هاندەر بۆ هاندانی هەڵبژاردەکە ئامادەبن.
 
یاریگەی مینای نوێ
 
ئەم یاریگەیە بەهەمان شێوە لە بەسڕەیە و یاریگەیەکی میواندار دەبێت بۆ یارییەکانی جامی کەنداوی 25، یاریگەکە بۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە تەواودەکرێت و تایبەتە بە یانەی مینای شاری بەسڕە.
 
بۆ دروستکردنی یاریگەکە 86 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکراوە و یەکێکە لە یاریگە قەشەنگ و جوانەکانی عێراق.
 
ئەم یاریگەیە لە یاریگەی بەسڕەی نێودەوڵەتی بچووکترە و 30 هەزار هاندەر لە یاریگەکەدا دەتوانن سەیری یارییەکان بکەن.
 
مێژووی جامی کەنداو
 
جامی کەنداوی عەرەبی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە ساڵی 1970ـەوە پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچێت و هەر دوو ساڵ جارێک پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت.
 
هەڵبژاردەی کوێت باڵادەستترین هەڵبژاردەی نێو مێژووی جامی کەنداوە و 10 جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە.
 
جگە لەو هەڵبژاردەیەش هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە لە 3 نازناو زیاتری بەدەستنەهێناوە، کە هەریەکە لە عێراق، سعودیە و قەتەر خاوەنی 3 نازناوی پاڵەوانێتییەکەن.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە 1988ـەوە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی نەبردووەتەوە، هاندەرانی هەڵبژاردەکە چاویان لەوەیە یاریزانەکان سوود لە یاریگە و هاندەران وەربگرن بۆ ئەوەی بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردەکە بکەنە پاڵەوان و دوای 34 ساڵ جارێکی دیکە نازناوەکە ببەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە