ئارتێتا: هەر کاتێک نەمتوانی یاریزان سزا بدەم جانتاکانم هەڵدەگرم و دەڕۆم

رووداو دیجیتاڵ

میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئیسپانیی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، رەتیدەکاتەوە ئەو لە مەمەڵەکردن لەگەڵ پیێر ئێمریک ئۆبامیانگی هێرشبەری گابۆنیی یانەکەی دیکتاتۆرانە بووبێت، دەشڵێت "هەر کاتێک نەمتوانی یاریزانانی سەرپێچیکار سزا بدەم دەست دەدەمە جانتاکانم و لە یانەکە دەڕۆم".
 
ئارتێتا سەرەتا نیشانەی کاپتنیی لە ئۆبامیانگ وەرگرتەوە بەهۆی ئەوەی سەرپێچی لە یاساکانی یانەکە کردبوو، رێگەیشی پێنەداوە لە دوایین 4 یاریی ئارسیناڵدا بەشداری بکات، کە بەرامبەر یانەکانی ساوسامپتۆن، وێستهام، لیدز یونایتد و سەندرلاند بوون.
 
ئارتێتا بەمەش نەوەستا و دواتر یاریزانە تەمەن 32 ساڵییەکە بێبەشکرا لە ئەنجامدانی مەشقەکان لەگەڵ تیپی یەکەم و دەبێت بە تەنیا مەشق بکات تاوەکو گەشتی وڵاتەکەی دەکات و لەگەڵ هەڵبژاردەی گابۆن بەشداری لە جامی ئەفریقادا دەکات.
 
ئارتێتا رەتیکردەوە کە لە مامەڵکردنیدا لەگەڵ ئۆبامیانگ زۆر توندبێت و گوتی "من دەستەڵاتی خۆن ناسەپێنم بۆ ئەوەی دیکتاتۆر بم یان هەوڵ بدەم توندبم، من تەنیا داوای یەک شت دەکەم، رێزگرتن و پابەندبوون، ئەمە هەموو شتێکە".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر ئەوەش نەکەم، وابزانم جانتاکانم دەپێچمەوە و دەڕۆمە شوێنێکی دیکە".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام من پێموایە هەموو ئەوانەی لە یانەکەدا کاردەکەن ئەو مافەم پێدەدەن، ئەگەر هەر رۆژێک نەمتوانی ئەوە بکەم لە هەمان رۆژدا دەڕۆم بۆ ئەوەی کارێکی دیکە بکەم".
 
راهێنەری گانەرز، قسەکانی زیاتر روونکردەوە و گوتی "من داوا لە هیچ یاریزانێک ناکەم کە هەر کاتێک لێدانێکی ئاراستەی گۆڵی تیپی بەرامبەر کرد تۆپەکە بخاتە گۆشەی بەرزی گۆڵەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەموو رۆژێک داوایان لێدەکەم کە کاری دروست بکەن". 
 
ئارسیناڵ ئامادەیە بۆ ئەوەی سبەی یەکشەممە لە بۆکسینگ دەیدا رووبەڕووی نۆرویچ سیتی ببێتەوە و راهێنەر رەتیکردەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا ئۆبامیانگ بەشداری لەم یارییەدا دەکات یان نا.