کۆتینیۆ لە کێشەیەکی گەورەدایە

25-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فیلیپی کۆتینیۆ بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە کەتەلۆنیا، باس لەوە دەکەن کە فیلیپی کۆتینیۆی یاریزانی بەرازیلی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە بەردەم کێشەیەکی گەورەدایە.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە کۆتینیۆ کەوتووەتە بەردەم دووڕیانێکی زەحمەتەوە، کە نایەوێت لە بارسا بڕوات و ئەگەر نەشڕوات لە مۆندیال بێبەش دەبێت.
 
ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە باس لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە چارەنووسی کۆتینیۆ لەگەڵ بارسێلۆنا دەکەن، کە یانەکە نایەوێت بمێنێتەوە و ئەویش رازی نییە بڕوات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەمدواییە یاریزانەکەش بۆچوونی خۆی گۆڕیوە و لەوانەیە لە بارسا بڕوات ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی بۆ بێت، چونکە ئەو زانیویەتی کە یاریزانێکی گرنگ نابێت لە پلانەکانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەردا، دواتریش سوورە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداری لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا بکات.
 
بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی دیکە، بەڕێوەبەری کارەکانی کۆتینیۆ لە هەموو دەرگایەکان دەدات بۆ ئەوەی یانەیەکی گونجاو بە یاریزانەکە ببینێتەوە و دەڵێن "نوێنەرانی کۆتینیۆ بەبێ دەنگی کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بە یاریزانە بەرازیلییەکەی یانەی بارسێۆنا". 
 
ئەو سەرچاوانە، دەشڵێن "کۆتینیۆ پێیناخۆشە لە بارسێلۆنا بڕوات، بەڵام ئەو راستییەش دەزانێت کە ئەگەر لە بارسا بمێنێتەوە ئەگەری بەشداریکردنی لە مۆندیالی قەتەردا لاواز دەبێت، بۆیە یاریزانەکە لەوانەیە ناچاربێت لە بارسێلۆنا بڕوات".
 
کۆتینیۆ لە لایەن چەندین یانەی ئینگلیزییەوە بایەخی پێدەدرێت و هەوڵدەدەن ببەنە ریزەکانیان، وەک ئارسیناڵ، تۆتێنهام، ئێڤێرتۆن و نیوکاسڵ، بەڵام ئەو تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ قسەیەکی لەبارەی جارەنووسی خۆی نەکردووە و بڕیاری نەداوە لە کامپ نو بڕوات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە