ئەستێرەکانی تۆپی پێ ​کریسمس لە هەوادارانیان پیرۆز دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵیش وەک هەموو ساڵێ، ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان سووربوون لەسەر ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی کریسمسەوە، سەرەڕای بوونی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بەمدواییە رێژەی تووشبوون لە ئەوروپا زیادیکردووە.
 
هەر یەکێک لەو ئەستێرانە لەگەڵ خێزان و خانەوادەکانیان لە کەشێکی جوان و سۆزداریدا ئاهەنگیان گێڕا.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لەگەڵ ئانای هاوژینی و کچەکانی ئاهەنگی کریسمسیان کرد و وێنەکانیان لە ئینیستاگرام بڵاوکردەوە،  و نووسیبووی "هیوادارم ساڵی نوێ پڕ بێت لە خۆشەویستی و پێکەنینی بێ مەرج، پیرۆزبێت جەژنی لەدایکبوون"
 
ئانای هاوژینی لیڤاش لەگەڵ وێنەیەکی خۆی و خێزانەکەیدا نووسیبووی "خۆشەویستەکانم.. بە بۆنەی کریسمسەوە هیوای کاتێکی خۆش و جوانتان بۆ دەخوازم".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیش وێنەکانی ئاهەنگگێڕانی لەگەڵ خانەوادە و هاوڕێ نزیکەکانی بڵاوکردەوە کە دیارە لە ماڵی خۆی کۆبوونەتەوە، ئەو ئەستێرەیە پیرۆزبایی کریسمسی لە هەمووان کرد.
 
کیلیان ئێمباپێی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمانیش یەکێکی دیکە بوو لەو ئەستێرانەی هەرزوو بە بۆنەی کریسمسەوە  ئاهەنگی گێڕا و وێنەکانی زۆرترین ڤیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدەستهیێنا.
 
دیۆگۆ جۆتای یاریزانی پۆرتوگالیش بەهەمانشێوە لەگەڵ هاوژینەکەی وێنەکانی ئاهەنگگێڕانەکەیان بە بۆنەی کریسمسەوە بڵاوکردەوە و نووسیبووی پیرۆزە جەژنی لەدایکبوون".
 
چەندین ئەستێرەی دیکە بەو بۆنەیەوە ئاهەنگییان گێڕا و وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردە دیاری بۆ هەوادارانیان، وەک ڤالڤێردی و ئاسینسیۆ، هەروەها کەریم بنزیما و کارلو ئەنچیلۆتی، ئەگەرچی ریال مەدرید هۆشداری داوەتە یاریزانەکانی کە  نابێت زۆر تێکەڵی خەڵکی ببن، بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بەمدواییە تەنگی بە ریال مەدرید هەڵچنیوە و چەندین یاریزانی تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
 
بارسێلۆناش دابەشکردنی دیارییەکانی کریسمسی لە یاریزانەکانی قەدەخەکردووە، لە ترسی ئەوەی تێکەڵییەکی زۆر دروست ببێت و بەو هۆیەوە یاریزانی یانەکە رووبەڕووی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە.
 
بەر لە دوو رۆژ پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیش، هەڕەشەی سزادانی لەو یاریزانانەی کرد کە لە بۆنەکانی کریسمسدا سەرپێچی لە رێنماییەکانی یانەکە دەکەن یان رەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن.