ئارسن ڤینگەر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری رامۆس کردووە



رووداو - هەولێر

ئارسن ڤینگەری راهێنەری یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی سێرجیۆ رامۆس کردووە و باسی لە ئەگەرەکانی چوونە دەرەوەی بەرگریکاری نێودەوڵەتی ئیسپانی کردووە لە یانەی ریال مەدرید.

رامۆسی تەمەن 28 ساڵان بۆ ماوەی 10 ساڵە یاری بۆ مەدرید دەکات کاتێک لەساڵی 2005بەبڕی 20 ملیۆن پاوەند لەیانەی سیڤییاـەوە پەیوەندی بە مەدریدەوە کرد.

تائێستا رامۆس و ریال مەدرید نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی چونکە مەدرید ئامادەیە نییە هەمان مووچەی ئیستا بداتە رامۆس و فلۆرێنتینۆ پێرێز دووپاتیکردەوە کە مووچەکەی کەمدەکاتەوە ئەگەر رازیبێت بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

رۆژنامەی "ئاس"ـی نزیک لە یانە مەدریدیەکە ئاشکرایکرد ، ڤینگەر جدییە لەسەر پێشکەشكردنی دەستەوارەیەکی فەرمی بە رامۆس و پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی رامۆس و براکەیەوە کردووە بەڵام تائێستا رامۆس وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە.

ڤینگەر دەمێکە داوای بەرگریکار دەکات کە ببێتە سەرکردەی تیپەکە و لەدوا یاریدا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول کاتێک لەدوا خولەکەکاندا گۆڵی یەکسانبوونەوەیان لێتۆمارکرا، داوای هێنانی بەرگریکارێکی ئاست بەرزی لە دەستەی کارگێڕی یانەکەیکرد.