لیڤاندۆڤسکی ناهێڵی رۆناڵدۆی نوێ بچێتە بارسێلۆنا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی و بەوەش ئومێدی هاندەرانی بارسا بەهاتنی رۆناڵدۆی نوێ بۆ یانەکە، کۆتایی پێدەهێنێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، لیڤا نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا بۆ دوو وەرزی دیکە، ئەگەرچی ئەو هێرشبەرە لە تەمەنی 37 ساڵی نزیک دەبێتەوە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، لیڤا کە لە 2022 بەگرێبەستێک بۆ ماوەی سێ وەرز پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، رازیبووە گرێبەستەکەی بۆ دوو وەرزی دیکە نوێبکاتەوە و بارساش ویستی گەورەی هەیە بۆ بەردەوامبوونی ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییە لە ریزەکانی یانەکە.
 
گرێبەستی لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت.
 
بەپێی رۆژنامەکە، لیڤا رێگەی هاتنی لە ڤیکتۆر یۆکێرێشی هێرشبەری سوێدی بۆ پەیوەندیکردن بەبارسێلۆنا گرتووە، چونکە وەک میدیاکان دەڵێن، پێشتر کارگێڕیی بارسێلۆنا بیریان لە هێنانی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە دەکردەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، دانوستاندنی لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی کۆتایی پێهێناوە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا نوێکردنەوەی گرێبەستەکە تاوەکو 2027 رادەگەیێنرێت.
 
هەروەها دەڵێ، "بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا بەنیازن مووچەی لیڤاندۆڤسکی کەم بکەنەوە، بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و ئەو یاریزانەش رازییە بەدۆخە نوێیەکەی لە یانەکە".
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، بەردەوامبوونی لیڤا وا دەکات بارسا چاوپۆشی لە گرێبەستکردن لەگەڵ هەر هێرشبەرێکی سەرەڕم بکات بۆ دوو ساڵی داهاتوو.
 
لیڤا لە وەرزی ئەمساڵدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە کۆی 18 یاری کۆی 20 گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە