پلانی عێراق بۆ جامی کەنداوی 26
رووداو هەولێر
بڕیارە کۆتایی مانگی دوازدەی ئەمساڵ، کوێت میوانداریی یارییەکانی جامی کەنداوی 25 بکات، هەڵبژاردەی عێراق پاڵەوانی وەشانی رابردوو دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، کە سەرکردایەتی بردنەوەی نازناوی جامی کەنداوی 25ـی کرد، بەر لە چەند رۆژێک لەگەڵ یاریدەدەرەکانی لە شاری بەغدا لەنێو ماڵی عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کۆبوونەوە و پلانی ئامادەکاری تیپەکە دارێژرا.
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ وەرگرتنی پشوویەکی کورت لەگەڵ ماڵباتەکەی دەگەڕێتەوە ئیسپانیا، چاوەڕواندەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی دوازدە هەڵبژاردەکە لەشاری بەسرە بچێتە نێو کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری بەر لە گەشتکردنیان بۆ وڵاتی کوێت.
هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی کەنداوی 26 لە کوێت بە پێکهاتەیەک کە بەشێکی زۆری یاریزانەکانی ناوخۆی عێراقن بەشداری دەکات، میدیای عێراقی پێکهاتەیەکی چاوەڕوانکراوی تیپەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بەمشێوەیە:
جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، فەهد تاڵب، مەناف یونس، عەلی فائز، زەید تەحسین، مستەفا نازم، ئالای فازڵ، حوسێن عەممار، زەرغام ئیسماعیل، ئەحمەد یەحیا، محەممەد عەلی عەبوود، ئەمیر عەمماری، رێوان ئەمین، ئیبراهیم بایش، حوسێن عەلی، ئەحمەد یاسین، حەسەن عەبدولکەریم، ئاسۆ رۆستەم، شێرکۆ کەریم، عەلا عەباس، موئمل عەبدولڕەزا لەگەڵ حوسێن جەبار.
لەم پێکهاتەی کە بەشێوەیەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە 5 یاریزانی کورد دەبیندرێن، واتە هەڵبژاردەکە چاوی لە تواناکانی ئەستێرە کوردەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
جامی کەنداو پاڵەوانێتییەکە دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، یارییەکانی جامی کەنداوی 26 لە کوێت، لەنێو یاریگەی جابر ئەلئەحمەد بەڕێوەدەچن، کە شوێنی 60 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە. ئەو یاریگەیە لە ساڵی 2015 دروستکراوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا خاوەن چوار نازناوی جامی کەنداوە، لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بردووەتەوە و جارێکیش لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی لە مەکسیک کردووە.
یەکەم پاڵەوانێتیی جامی کەنداو ساڵی 1970 لە بەحرەین بەڕێوەچووە، عێراق دووجار میوانداریی یارییەکانی جامی کەنداوی کردووە، یەکەمجار لە 1979 یارییەکان لە شاری بەغدا جامی کەنداوی پێنج بەڕێوەچوون، لە 2023 شاری بەسرە میوانداری یارییەکانی جامی کەنداوی کرد.
یارییەکانی جامی کەنداوی 26 لە کوێت بە بەشداری 8 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سعودیە، بەحرەین و ئیمارات دەکات.