ڤیدیۆ؛ یاریی لووتکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات و هالاند مێژووی تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

یاریی لووتکەی پرێمەرلیگ لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول بەیەکسانبوون کۆتاییهات و هەریەکێکیان خاڵێکیان بەدەستهێنا.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی لیڤەرپوولی کرد.
 
دوای 27 خولەک یارییکردن، ئێرلینگ هالاند گۆڵێکی تۆمارکرد، ئەمە یەکەمجارە یاریزانەکە گۆڵ بەرامبەر لیڤەرپوول دەکات، بەمەش ژمارەی ئەو یانانەی گەیاندە 20 یانە کە گۆڵی لێکردوون، لە پرێمەرلیگیدا لەکاتێکدا بەرامبەر 21 یانە یارییکردووە.
 
جگە لەوەش ئێرلینگ هالاند یەکەم یاریزانە دوای ئەنجامدانی 48 یاری لە خولەکەدا بگاتە 50 گۆڵ.
 
لەنیوەی یەکەمی یارییەکەدا مان سیتی پێشکەوت، بەڵام نیوەی دووەم بەدڵی ئەوان نەبوو، کاتێک لە خولەکی 80 بەلێدانێکی بەهێز، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد ئەنجامەکەی بۆ رێدز یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
دوای ئەم گۆڵەی بەرگریکارە ئینگلیزییەکە، یارییەکە هیچ گۆڵێکی دیکەی بەخۆیەوە نەبینی و هەردوو یانە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
 
ئێستا مانچێستەر سیتی خاوەنی 29 خاڵە و بەشێوەیەکی کاتی لە پێشەنگی ریزبەند دەمێنێتەوە، لیڤەرپوولیش بە 28 خاڵ و بەکاتی لە پلەی دووەم دەبێت.