هەواڵە خۆشەکە گەیشتە ئەنچێلۆتی

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵێکی خۆش گەیشتە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەر لەوەی تیپەکەی رووبەڕووی کادیز ببێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە یانەی ریال مەدرید لە گەڕی چواردەمی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا بەرامبەر کادیز یاری دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدرید بۆ یارییەکەی بەرامبەر کادیز، هەواڵێکی خۆش گەیشتە کارلۆ ئەنچێلۆتی.
 
هەواڵە خۆشەکە پەیوەندی بە رۆدریگۆی هێرشبەری بەرازیلی یانەکەوە هەیە، چونکە یاریزانەکە بەبێ کێشە راهێنانی کردووە و ئامادەیە بەشداری یارییەکەی سبەی بکات. لە کاتێکدا باس لەوە دەکرا کە تووشی پێکان بووە و ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەدا نەکات.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە لە کاتی ئامادەبوونی ئەم دواییەی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، بە پێکانەوە گەڕابووەوە پایتەختی ئیسپانیا.
 
ئەوەی هەواڵەکەی خۆشتر کردووە بۆ مەدریدییەکان ئەوەیە کە بێلینگهام و سیبایۆسیش چاکبوونەتەوە و لەگەڵ هاوڕێکانیان گەڕاونەتەوە مەشق و راهێنانەکان و بۆ یارییەکەی کادیز لەبەردەستی ئەنچێلۆتیدان.
 
ریال مەدرید بەدەست پێکانی زۆرەوە دەناڵێنێت، کە تاوەکو ئێستا کۆرتوا، کێپا، میلیتاو، چوامینی، کاماڤینگا، ڤینیسیۆس و ئاردا گولەر لە پێکانەکانیان چاکنەبوونەتەوە و ئەنچێلۆتی ناتوانێت سوودیان لێوەربگرێت.
 
هەر بۆیەش لە مەشقەکانی یانەی شاهانەدا زۆر لە یاریزانە لاوەکان ئامادەبوون، وەک گۆڵپارێزان پینێرۆ، فران گۆنزالێز و هوگۆ مانتێکۆن، جگە لە گۆنزالۆ، نیکۆ پاز، خەیمی کالیخا، کارلۆس رۆدریگێز و ماریۆ مارتن لە کاستییا.