هۆڵەندا و ئیکوادۆر دەیانەوێت بگەنە قۆناخی 16ـی مۆندیال

25-11-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیال ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو و دووپاتکردنەوەی هێز و توانایان لە مۆندیالدا، دوو هەڵبژاردەی براوە لە گەڕی یەکەمدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە یارییەکەدا کە لە یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت.
 
هۆڵەندا دوای ئەو بردنەوە زەحمەتەی بەرامبەر هەڵبژاردە سەنیگال لە یاریی یەکەمدا بەدەستهێنا، بە ئامادەییەکی زۆرەوە یاریی دووەم لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا ئەنجامدەدات و ئامانجی سەرەکیشی نزیکبوونەوەیەتی لە قۆناخی داهاتوو.
 
پرتەقاڵییەکان هۆڵەندا بە ورە بەرزییەکی زۆر و لەنێو کەش و هەوایەکی ئەرێنیدا دوایین مەشقەکانیان ئەنجامداوە و بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیکوادۆر ئامادەن، بەڵام ئەوان لەوە تێدەگەن کە رکابەرەکەیان ئاسان نابێت، بەتایبەت دوای ئەو ئاستە بەرزەی تریکۆلۆر لە یاریی کردنەوەی مۆندیالدا بەرامبەر قەتەر پێشانیدا.
 
هۆڵەندا و ئیکوادۆر جگە لە دوو یاریی دۆستانە، هیج رووبەڕووبوونەوەیەکی فەرمیان نییە، یارییەکەی ئەم ئێوارەیە دەبێتە یەکەم یاریی فەرمیان و لاپەرەکانی مێژوو چاوەڕێی یاریزانانی هەردوو تیپ دەکەن.
 
هەڵبژاردەی ئیکوادۆر، لە پاڵاوتنەکاندا بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت و لە یاریی یەکەمی مۆندیالیشدا بەرامبەر قەتەر ئەوەی دووپاتکردەوە بە شایستییەوە گەیشتووەتە مۆندیال و ئەمڕۆش دەیەوێت تواناکانی زیاتر بۆ جیهان نیشانبدات.
 
هێز و پتەویی ئیکوادۆرییەکان و تێگەیشتن و تاکتیکی گوستافۆ ئالڤارۆی راهێنەری ئەرجەنتینی کە سەرپەرشتی مەشقەکانی نوێنەرەکەی لاتین دەکات، بوونەتە بنەمای بونیادنانی هەڵبژاردەیەکی بەهێز و توقێنەر، ئەمڕۆ ئیکوادۆرییەکان چاویان لە نووسینەوەی مێژووییەکی دیکەیە و بەرامبەر هۆڵەندا دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەن، بەر لەوەی لە گەڕی سێیەمدا رووبەڕووی سەنیگال ببنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە