ناوی گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران چووە نێو کتێبی گینس

25-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عەلیڕەزا بەیرانوەند کتێبی گینس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

عەلیڕەزا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی کوردی یانەی بواڤیشتای پۆرتوگالی، چووە نێو کتێبی گینسەوە، دوای ئەوەی توانی ریکۆردی جیهانی تۆماربکات لە هەڵدانی تۆپ بەدەست.
 
میدیای ئێران، ئاشکرایکرد کە یانەی بواڤیشتای پۆرتوگالی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاندووە کە ناوی گۆڵپارێزەکەی، عەلیڕەزا بەیرانوەند بەفەرمی لە کتێبی گینسدا تۆمارکراوە، وەک خاوەنی دوورترین هەڵدانی تۆپ بەدەست.
 
کتێبی گینس بڕوانامەیەکی بەو گۆڵپارێزە کوردە دا، دوای ئەوەی رۆژی 11ـی مانگی 10ـی ساڵی 2016 لە یاریی ئێران و کۆریای باشوور، لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ـی رووسیا، کە بە بردنەوەی ئێران بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات، توانی بەدەست تۆپێک بۆ ماوەی 61 مەتر و 66 سانتیمەتر هەڵبدات، کە پێشتر و تاوەکو ئێستاش هیچ گۆڵپارێز و یاریزانێکی دیکەی تۆپی پێ نەیتوانیوە ئەو کارە بکات.
 

یانەی بواڤیشتای پۆرتوگالی، لە هەژماری خۆی لە تویتەر پیرۆزبایی لە گۆڵپارێزە کوردەکەی کرد، بە بۆنەی ئەو دەستکەوتە مێژووییە و نووسیویەتی "پیرۆزە عەلیڕەزا بەیرانوەند".
 
بەیرانوەند ئەم وەرزە لە یانەی ئانتوێربی بەلجیکییەوە بەشێوەی خواستن چووەتە ریزەکانی یانەی بواڤیشتای پۆرتوگالی، کە لە خولی نایابی ئەو وڵاتەدا یاری دەکات، کە تاوەکو ئێستا، بە ئەنجامدانی 11 یاری 11 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی 11ـی ریزبەندیی خولەکی گرتووە. 
 
ئەمڕۆ بەر لە دەستپێکردنی مەشقەکانی یانەی بواڤیشتا، هاوڕێکانی پیرۆزباییان لێکرد و وێنەی یادگارییان لەگەڵ خۆی و بڕوانامەکەی گینسیان گرت.
 
ئەو گۆڵپارێزە کوردە، تاوەکو ئێستا 49 یاری بە درێسی هەڵبژاردەی ئێرانەوە کردووە و دوای ئەوەی لە مۆندیالی رووسیادا لێدانێکی سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی گەڕاندەوە، نێوبانگێکی زیاتری بەدەستهێنا.

 

عەلیڕەزا بەیرانوەند، خەڵکی پارێزگای لوڕستانه‌ لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو لە ماوەی ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2019 باشترین گۆڵپارێزی خولی پلە نایابەکانی ئێران بووە و ساڵی 2019ش وەک کەسایەتی تۆپی پێی ئێران هەڵبژێردرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە