خولی نایابی کوردستان.. سۆران ریمۆنتادای بەسەر زاخۆدا کرد

25-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان یانەی سۆران یانەی دەربەندیخان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ لە خولی نایابی کوردستان دوو یاری بەڕێوەچوون، کە دەربەندیخان لە پیرمام لە ئاراراتی بردەوە، زاخۆش لەسەر یاریگەی خۆی بە سۆران دۆڕا.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی ئارارات لە پیرمام میوانداریی یانەی دەربەندیخانی کرد و تیپی میوان توانی 3-1 لە خاوەن یاریگە بباتەوە.
 
ئارارات لە گەڕی رابردوودا لە یاریی دێربیی پیرمام بە ئەنجامی 2-1 شکستی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر هێنابوو، بۆ ئەم یارییەش چاوی لەوەبوو لەسەر یاریگەی خۆی سێ خاڵی دیکە لە دەربەندیخان وەربگرێت، بەڵام بەو ئاستە دەرنەکەوت و هاندەرانی خۆی بێئومێد کرد، کە خاوەنی 10 خاڵە.
 
یانەی دەربەندیخان گەڕی رابردوو نەیتوانی بردنەوە بەسەر یانەی شەقڵاوە تۆماربکات و 0-0 یەکسانبوون، دەربەندیخان تاوەکو ئێستا 3 یەکسانبوون، 3 بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە، خاوەنی 12 خاڵە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی زاخۆ لەسەر یاریگەی بارزان میوانداریی یانەی سۆرانی کرد، کە دوای کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ، کوڕانی پردی دەلال لە نیوەی دووەمدا دەستپێشخەربوون و گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد، بەڵام کوڕانی سۆران خۆیان بەدەستەوە نەدا، ریمۆنتادایان بەسەر زاخۆدا کرد و دوو گۆڵیان تۆمارکرد، 3 خاڵی گرنگیان لەگەڵ خۆیاندا گەڕاندەوە سۆران.
 
زاخۆ، کە لە گەڕی رابردوودا 1-0 بەرامبەر بە یانەی نەورۆز تووشی شکستبوو، لە 8 یاریدا خاوەنی 2 بردنەوە و 3 یەکسانبوون و 3 شکستە، تەنیا 9 خاڵی هەیە.
 
ئەم بردنەوەیە بۆ یانەی سۆران زۆر گرنگ بوو، چونکە لە دۆخێکی خراپدا بوو، کە لە 7 یاریدا تەنیا 1 بردنەوەی هەبوو، 3 جار دۆڕاوبوو و 3 جاریش یەکسانبوو، بەم سەرکەوتنە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 9 خاڵ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە