پێشمەرگەی هەولێر کاپتنی یەمەنی گواستەوە


رووداو -هەولێر

یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەفەرمی محەممەد ئیبراهیم عەیاش، گۆڵپارێز و کاپتنی هەڵبژاردەی یەمەنی وەک یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند.

دوای ئەوەی ئەحمەد بەشار، گۆڵپارێزی یانەکەی پیرمام تووشی پێکانبوو، دەستەی کارگێری یانەکە گفتوگۆی لەگەڵ کاپتنی یەمەن کرد و دوای گەیشتنیان بە رێککەوتن بەفەرمی عەیاش پەیوەندیی بە پێشمەرگەی هەولێر کرد بۆ بەرگریکردن لە گۆڵی یانەکە.

نیهاد عادل، جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گرێبەستی گۆڵپارێزە یەمەنییەکە بۆ یەک وەرزە و مانگانە مووچەکەی 1300 دۆلار دەبێت.

گواستنەوەی محەممەد ئیبراهیم عەیاش لەکاتێکدایە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئەحمەد سادق ئەلخەمری، بەرگریکەری هەڵبژاردەکەش واژۆکرد و لە یاریی بەرامبەر یانەی هەولێر یەکەم یاریی بەدرێسی پێشمەرگەوە ئەنجامدا.