ستیڤن جێرارد بە یەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا


ستیڤن جیرارد، دوای 19 ساڵ یاریکردن، یانەی لۆس ئەنجلێس گالاکسیی ئەمریکیی کردە دوایین وێستگەی کاروانی وەرزشی خۆی و بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.

 جێرارد لە دوا وەرزی یاریکردنیدا، یانەی لۆس ئەنجلێس گالاکسی هەڵبژارد بۆ ئەوەی پیشەگەربوونیش بخاتەسەر ئەو خەزێنە پڕ دەستکەوتەی کە لە مێژووی خۆیدا درووستی کردووە و درێسی ئەو یانەیەی پۆشی، هەر لەوێش کۆتا پەیامی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سوپاسی هەمووان دەکەم لە لیڤەرپوول، شانازی بەوەدەکەم ماوەیەکی درێژ سەرکردایەتی ئەو تیپەم کردووە، یەکەمجار کە بەرامبەر بلاکبێرن رۆڤێرز یاریم کرد لەو بڕوایەدا نەبووم هەژدە ساڵی دیکە بەدوای ئەوەدابێت، سەربڵندم بەوەی ماوەیەکی زۆر یاریم بۆ لیڤەر کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێرارد گوتی، شانازی بە رۆڵە کاریگەرەم دەکەم کە لەگەڵ یانەکەم لە پاڵەوانێتییە گەورەکان هەمبووە و توانیوومە جارێکی دیکە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بگەڕێنمەوە ئانفێڵد رۆد و سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی هاندەران دەکەم.

یاریزانە ئینگلیزییەکە لە کاروانی وەرزشی خۆیدا 862 یاریی ئەنجامداوە 212 گۆڵی تۆمارکردووە، گرنگترین دەستکەوتیشی بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای 2005 بوو کە ئەوکات لەگەڵ رافا بێنیتێز ئەو کارەیان کرد.