لێدوانی فەرمی ئەنچێلۆتی لەبارەی بێلینگهامەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید باس لە ئەگەری دوورکەوتنەوەی جود بێلینگهام، ئەستێرەی یانەکەی دەکات، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر سپۆرتینگ براگا گۆڕانکاریی پێکرا.
 
لە یارییەکەدا لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگدا، بێلینگهام گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام دوای ئەوە گۆڕانکاریی پێکرا، ئەمەش ترسی خستە دڵی هاندەرانی یانەی شاهانە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی ئەو یاریزانەوە دەڵێت "تەنیا هەوکردنێکە لە ماسوولکەکانیدا، شتێکی وا گەورە نییە، ئەو بۆ یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادەدەبێت."
 
رۆژنامەی مارکا، دوای یارییەکەی بەرامبەر یانەی سپۆرتینگ براگا رایگەیاند، بێلینگهام هەستی بە ئازار کردووە، بۆ خۆپارێزی لە پێکان گۆڕانکاری بە یاریزانەکە کراوە.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەک، رۆژی پێنجشەممە پشکنینی پزیشکی بۆ جود دەکرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی دەربکەوێت، یاریزانەکە تووشی پێکانبووە یان نا.
 
جود بێلینگهام، سەرەڕای ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، بەڵام یاریزانێکی کاریگەر و سەرەکیی پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتییە، لە هەرسێ یارییەکەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا گۆڵی بۆ ریال مەدرید کردووە و لە 12 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 11 گۆڵ و 3 ئاسیستی بە درێسی یانەکەوە کردووە.
 
ریال مەدرید رۆژی شەممەی داهاتوو لە یاریی کلاسیکۆدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر بارسێلۆنا یارییدەکات و یارییەکە کاژێر 17:15 بەڕێوەدەچێت.