بەرپرسێکی بارسێلۆنا: ڤینیسیۆس بووکەڵەیەکی تەمبەڵە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هێرشی تووندی کردە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، هێرشبەری ریال مەدرید، لە کاتێکدا هەردوو یانە شەممەی داهاتوو لە گەڕی یانزەی لالیگادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ریال مەدرید شەممەی داهاتوو، لەسەر یاریگەی لویس کۆمپانیس دەبێتە میوانی بارسێلۆنا و بڕیارە پاش ماوەیەکی بەرچاو لە ساردوسڕیی پەیوەندیی نێوان هەردوو یانە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە یارییەکەدا ئامادە ببێت.
 
میکویل کامبس، جێگری گوتەبێژی فەرمیی یانەی بارسێلۆنا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشی تووندی کردە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری یانەی ریال مەدرید.
 
ئەو بەرپرسەی بارسا دەڵێ، "بابەتەکە پەیوەندی بەڕەگەزپەرستییەوە نییە، بەڵکو ڤینیسیۆس جۆنیۆرە، هەقی ئەوەی هەیە بەتووندی لەبناگوێی بدرێت، چونکە بووەتە بووکەڵەیەکی تەمبەڵ".
 
پۆستەکەی کامبس پاش ئەو رووداوانە هات کە لە یاریی نێوان سێڤییا و ریال مەدرید لە هەفتەی دەیەمی لالیگا روویدا، کاتێک جارێکی دیکە رەگەزپەرستی بەرامبەر ئەو هێرشبەرەی ریال مەدرید کرا و گەنجێک لەبەردەم ئەودا وەک مەیموون جووڵەی کرد.
 
یانەی سێڤییا دوای ناسینەوەی کەسە رەگەزپەرستەکە بڕیاریدا سزای بدات و لە ئامادەبوون لە یارییەکانی یانەکەی، ئەو هاندەرەی بێبەشکرد.
 
پۆستەکەی کامبس، کاردانەوەی تووندی لە سۆشیال میدیادا بەدواداهات، زۆرینەی کاردانەوەکان بۆ پشتگیری ڤینیسیۆس بوون، هەربۆیە ئەو بەرپرسەی بارسا ناچاربوو پۆستەکەی بسڕێتەوە.
 
ڤینیسیۆس وەرزی رابردوو بووە هۆکاری نانەوەی مشتومڕی زۆر لە ئیسپانیا و جیهان، پاشئەوەی رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەوە لە چەندین یاریگەی جیاوازی لالیگادا.
 
ڤینی پشتگیری گەورەی جیهانی لە بەرامبەر دروشم و هەڵوێستە رەگەزپەرستییەکان بەدەستهێنا، دواتر سەرۆکی فیفا بەفەرمی پێشوازیی لێکرد و پشتگیری خۆی بۆ هێرشبەرەکەی بەرازیل دەربڕی.