شەوێکی ئاگرین لە چامپیۆنزلیگ

رووداو دیجیتاڵ 

کاتێك تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ کۆتایی هات، هەموو چاوەکان چوونە سەر گروپی مەرگ. هەریەکە لە یانەکانی پاریس سان جێرمان،ئەیسی میلان, نیوکاسل یونایتد و بۆروسیا دۆرتمۆند کەوتنە ئەم کۆمەڵەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە لە کۆتایی ئەم قۆناخەدا دوو یانەی گەورە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکات

 

 رووبەروبوونەوەکانی شەوی چوارشەمە  گرنگییەکی زۆری دەبێت لە دەستنیشانکردنی ئەوەی کە کام دوو یانە لەم کۆمەڵەیەدا ماڵئاوایی دەکات. کاژێر 22:00 میلان بەرەو پایتەختی فەرەنسا گەشت دەکات بۆ رووبەروبوونەوەی پاریس سانجێرمان لە یاریگەی پارك دێ پرانس. لە هەمان کاتدا، نیوکاسڵ لە یاریگە ئاگرینەکەی سەینت جەیمس پارك میوانداری دۆرتمۆند دەکات.  

 

پاریس سانجێرمان لە یاری یەکەمدا لە چامپیۆنزلیگ، توانی بە ئەنجامی 2-0 لە دۆرتمۆند بباتەوە و سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بهێنێت.بەڵام لە یاری دووەمدا توشی دۆرانێکی سەخت و ئابڕووبەرانە بوون کاتێك لە یاریگە سەختەکەی سەینت جەیمس پارك رووبەروی نیوکاسڵ یونایتد بووەوە و یارییەکەی 4-1 پێ دۆڕاند. یانە فەرەنسییەکە لەم وەرزەدا تا ئێستا ئەو ئاستەی پێشکەش نەکردووە کە لێی چاوەڕێ دەکرێ و لە خولی ناوخۆشدا لە 9 یاریدا 3 بەرامبەربوون و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت لە دوای هەریەکە لە یانەکانی مۆناکۆ و نیس.

 

لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانە پاریسیەکە لەبارەی ئەم یارییەوە دەڵێت: ئەمە یارییەکی زۆر گرنگە، بە تایبەتی لە دوای یارییەکەمان دژی نیوکاسڵ. میلان بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت هەر ئەمەشە وای کردووە ئەم کۆمەڵەیە بە "کۆمەڵەی مەرگ"  ناوبنرێت، چونکە هەر چوار یانەکە توانای سەرکەوتنیان هەیە.
 
سەبارەت بە میلان، یانە ئیتاڵییەکە خاوەنی دوو خاڵە و لە پلەی سێیەم دێت لە دوای هەریەکە لە نیوکاسڵ و پاریس و لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا هەردوو یارییەکەی یەکسان بووە و هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە.  میلان، لە دوایین یارییان لە خولی ناوخۆدا توشی شکست هاتن دژی یوڤێنتۆسی رکابەریان کاتێك لە یاریگەی خۆیان بە گۆڵێکی بێ وەڵام یارییەکەیان دۆڕاند. 
 
ستێفانۆ پیۆلی، راهێنەری میلان لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت: ئەمە یارییەکی گرنگە، پاریس هێرشبەری زۆر باشیان هەیە و وەك تیمێك یاری دەکەن بەڵام نابێت هەر چاوەڕێ بکەین و لە شوێنی خۆمان بین چونکە ئەوە زۆر مەترسیدار دەبێت.
 
لەبارەی پێکهاتەکانی هەردوو یانە، پاریس سانجێرمان لە تواناکانی مارکۆ ئەسێنسیۆ، نونو مێندیش، کیمپێمبێ و سێرجیۆ ریکۆ بێ بەش دەبێت. بەهەمان شێوە لە میلان، هەریەکە لە ئۆکافۆر، لۆفتەس چێك، چیکویزی، سپۆرتێلۆ، بناسڕ و کاڵدارا لەم یارییە بێ بەش دەبن.
 
پێکهاتەی پێشبینی کراوی هەردوو یانە:

 

پاریس سانجێرمان:
گۆڵپارێز؛ دۆنارووما 
بەرگری؛ ‌حەکیمی، مارکینۆس، شکرینیار ، لوکاس هێرناندێز
ناوەڕاست؛ ئوگارتی، ڤیتینها ، رویز
هێرشبەر؛ دێمبێلی، رامۆس، ئێمباپێ

 

ئەیسی میلان: 
گۆڵپارێز: ماینان
بەرگری: کالابریا ، تیاو، تۆمۆری ، تیۆ هێرناندێز
ناوەڕاست: کرونیچ، موسا، رایندەرس
هێرشبەر: لیاو ، ژیرۆ، پولیسیچ
 

 

 
نیوکاسڵ  vs دۆرتمۆند
 
لە یارییەکی دیکەی بە‌هێزی هەمان کۆمەڵەدا، نیوکاسڵ دوای ئەوەی گەورەترین شەوی خۆیان لە مێژووی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس تۆمار کرد، چاویان لەوەیە بە هەمان شێوە میوانداری دۆرتمۆند بکەن لە سەینت جەیمس پارك. نیوکاسڵ بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و چوار خاڵی هەیە و پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە. لە دوایین یارییاندا لە خولی ناوخۆدا چوار گۆڵیان لە کریستاڵ پاڵاس کرد و یارییەکەیان بردەوە.
سەبارەت بە دۆرتمۆند، سەرەڕای ئەوەی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ تەنها یەك خاڵی هەیە و لە کۆتایی ریزبەندی دێت. بەڵام لە خولی ناوخۆدا لە دوایین پێنج یاری هەموو یارییەکانیان بردووەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت یارییەکی بەهێز لە نێوان ئەم دوو یانەیەدا ببینین.
 
 
بارسێلۆنا vs شاختار دۆنێتسك
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، بارسا میوانداری شاختار دەکات. شاختار لە دوایین یارییان لە چامپیۆنزلیگ توانییان لە یارییەکی دراماتیکی بەسەر رۆیاڵ ئانتوێرپ سەربکەون و یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبێنن و یانە ئۆکرانییەکە بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ پۆرتۆ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت.سەبارەت بە بارسا، یانەکە خاوەنی شەش خاڵە و پێشەنگی گروپەکەی گرتووە، چاوی لەوەیە بە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە زیاتر لە یانەکانی دیکە دوور بکەوێتەوە و ئەرکی خۆی ئاسان بکات. 
 

 

رۆیاڵ ئانتوێرپ vs پۆرتۆ
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، پۆرتۆ دەبێتە میوانی رۆیال ئانتوێرپ. پۆرتۆ لە دوایین یارییاندا لە چامپیۆنزلیگ توانییان 3-1 لە شاختار ببەنەوە و یەکەم 3 خاڵی خۆیان بەدەستبێنن. سەبارەت بە رۆیال ئانتوێرپ، یانەکە زۆر بە خراپی دەستی بەم وەرزە کردووە و لە یاری یەکەمیاندا دژی بارسا بە ئەنجامی 5-0 دۆڕا و لە یاری دووەمدا 3-2 بە شاختار دۆڕا و لە کۆتایی ریزبەندی دێت. 
 

 

سێڵتیك vs ئەتلەتیکۆ مەدرید
سێڵتیك کە لە دوایین پلەی ریزبەندی دێت میوانداری ئەتلەتیکۆی پێشەنگ دەکات. سێڵتیك خاوەنی هیچ خاڵێك نین و لە هەردوو یاریاندا لە دژی فاینۆرد و لازیۆ توشی شکست بوون. لەبارەی ئەتلەتیکۆ، یانە ئیسپانییەکە لە یاری یەکەمدا لە دوایین خولەك گۆڵی یەکسانییان لێ تۆمارکرا دژی لازیۆ، بەڵام لە یاری دووەمدا دژی فاینۆرد یانە ئیسپانییەکە توانی 3-2 سەرکەوتن بەدەست بێنێت.
 

 

فاینۆرد vs لازیۆ
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، لازیۆ دەچێتە هۆڵەندا بۆ رووبەروبوونەوەی فاینۆرد.لە یاری یەکەمیاندا لازیۆ بە گۆڵیکی پرۆڤێدێلی گۆڵپارێزی یانەکە لە خولەکی 95 توانی خاڵێك لە دژی ئەتلەتیکۆ بەدەستبێنیت و لە یاری دووەمیاندا لە هەمان خولەکدا توانیان بە گۆڵیکی پێدرۆ سەرکەوتن دژی سێڵتیك بەدەستبێنن و ئێستا بە چوار خاڵ بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ ئەتلەتیکۆ لە پلەی دووەمن. فاینۆرد یاریەکییان بردووەتەوە و یارییەك دۆڕاون و لە پلەی سێیەم دێن و خاوەنی سێ خاڵن.

 

 
مانچێستەر سیتی vs یۆنگ بۆیز
 لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یۆنگ بۆیز میوانداری پاڵەوانی ئەوروپا دەکات. یۆنگ بۆیز تەنیا خاوەنی یەك خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت. مانچێستەر سیتی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ هەردوو یارییەکەیان بە ئەنجامی 3-1 لە دژی لایپزیگ و رێد ستارس بردەوە  و 17 یارییە لە قۆناخی کۆمەڵەکان تامی شکستیان نەکردووە. 

 

 
سێرڤینا زڤێزدا vs لایپزیگ
لە هەمان کۆمەڵەدا، سێرڤینا زڤێزدا لە یاریگەی رێد بوڵ ئارێنا دەبێتە میوانی لایپزیگ. سێرڤینا خاوەنی یەك خاڵە و لە کۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەکە دێت. لایپزیگی ئەڵمانیش، هەردوو یارییەکەی 3-1 کۆتایی هاتووە  کاتێك یاری یەکەمییان دژی یۆنگ بۆیز بردەوە و یاری دووەمیان دژی مان سیتی بەو ئەنجامە دۆڕاند.